zagros news agency

سێزدە کچە یاریزانی کورد بەشداری لە پاڵەوانیەتی ڕۆژئاوای ئاسیا دەکەن

 

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤-١١-٢٠٢٥، لە شاری جەدەی سعودیە رکابەرییەکانی نۆیەمین پاڵەوانێتیی تۆپی پێی کچانی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا دەستپێدەکات. کاروانی یارییەکان لەسەر یاریگاکانی شاری وەرزشیی شا عەبدوڵڵا بەڕێوەدەچێت و بڕیارە رکابەرییەکان تا ڕۆژی ٢-١٢-٢٠٢٥ بەردەوام بێت، کە تێیدا کچە یاریزانانی کورد ژمارەیەکی بەرچاو لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراق پێکدەهێنن.

لە نێو ریزەکانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی کچانی عێراقدا کە یەکێکە لە بەشداربووانی پاڵەوانێتییەکە، پشکی شێر بەر یاریزانانی کورد کەوتووە، بەجۆرێک لە کۆی ٢٣ یاریزانی بانگهێشتکراو ١٣ کچە یاریزانیان کوردن. ئەو یاریزانانەش پێکهاتوون لە (خەڵات ئەسعەد، شۆخان نورەدین، ئاواز محەمەد، سەلار عەبدولواحید، ڕۆژین محەمەد، پڕژە نیزام، مەروە جیان، ڕۆس محەمەد، هێلین فەرەج، شەنگە بازیانی، سارا هەژار، دیلان جەوهەر و مینا عوسمان)، کە ئەرکی نوێنەرایەتیکردنی عێراقیان لەم پاڵەوانێتییەدا لە ئەستۆدایە.

سەبارەت بە یارییەکانی ئەمڕۆش، بڕیارە لە چوارچێوەی گەڕی یەکەم و گروپی یەکەمی قۆناغی کۆمەڵەکاندا، کاتژمێر ٧:٤٥ خولەکی شەو هەڵبژاردەی عێراق لە یەکەم دەرکەوتنیدا ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی کچانی سعودیە ببێتەوە، یارییەکەش لەسەر یاریگای شاری وەرزشیی شا عەبدوڵڵا بەڕێوەدەچێت.

شایانی باسە لەم پاڵەوانێتییەدا شەش هەڵبژاردە بەشدارن و دابەشکراون بەسەر دوو کۆمەڵەی سێ تیپیدا؛ کۆمەڵەی یەکەم پێکهاتووە لە هەڵبژاردەکانی سعودیە، عێراق و ئیمارات، لە کاتێکدا کۆمەڵەی دووەم هەریەکە لە هەڵبژاردەکانی ئوردن، لوبنان و فەلەستین لەخۆدەگرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

لوبنان ڕێگە لە فڕۆکەی‌ گەشتیاریی ئێران دەگرێت

سەڵاح

وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوەیەکی گرنگ بە مووچەخۆران دەدات

سەڵاح

سەرۆک وەزیران سوپاسی پارێزگار و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکانی سلێمانی دەکات

یاسین