جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ سەرۆکی پێشووتری یانەی بەرشەلۆنە هێرشێکی توندی کردە سەر خوان لاپۆرتا و ڕەخنەی لێ گرت سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یانەکە و ڕۆیشتنی لیۆنێل مێسی لە ساڵی 2021دا.
بارتۆمیۆ لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئیسپانی ئاشکرای کرد کە لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، دەنگ بە ڤیکتۆر فۆنت دەدات و پێیوایە سەردەمی ئەو بەرپرسانەی پێش دوو دەیە هاتوونەتە یانەکە کۆتایی هاتووە و کاتی ئەوەیە ڕێگە بۆ نەوەی نوێ و بیرۆکەی نوێ چۆڵ بکرێت.
بارتۆمیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئازاربەخشترین بڕیاری لاپۆرتا ڕێگەدان بوو بە ڕۆیشتنی مێسی، کە بە بڕوای ئەو هێشتا دەیتوانی خزمەتی زۆر بە یانەکە بکات و لەگەڵ نەوەی نوێی یاریزانانی لاماسیا بگونجێت.
هەروەها ڕەخنەی لەوە گرت کە لاپۆرتا هەمیشە قەیرانە داراییەکان و پاشماوەی سەردەمی بارتۆمیۆ وەک بیانوو بەکاردەهێنێت، لە کاتێکدا پێنج ساڵ و نیو کاتی هەبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دوای سەردەمی کۆرۆنا، بەڵام نەیتوانیوە بە تەواوی چارەسەریان بکات.
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی لاپۆرتا، بارتۆمیۆ باسی لەوەکرد کە ئەو سەرۆکە هیچ بەرنامەیەکی ڕوونی نییە و تەنها پشت بە هەست و پێشبینی دەبەستێت، کە هەندێک جار دەپێکێت و هەندێک جاریش نا.

