zagros news agency

دیشامپ: ئیسپانیا پاڵێوراوی یەکەمە 

دیدیە دیشامپ، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، لە لێدوانێکدا بەر لە یەکەم دەرکەوتنیان لە مۆندیال بەرامبەر هەڵبژاردەی سەنیگال، جەختی لە گرنگی و سەختی یارییەکە کردەوە.

 

دیشامپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم یارییە وەک دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام هاوشێوەی هەر یارییەکی تری قۆناغی کۆمەڵەکان، ئەنجامەکەی یەکلاکەرەوە نییە بۆ چارەنووسی تەواوی هەڵبژاردەکە.

 

لەبارەی کەشوهەوای گەرمی یاریگاکانەوە، راهێنەرەکەی کەڵەشێرەکان بە پێویستی زانی پشوو بۆ یاریزانان بگیرێت بە مەبەستی خواردنەوەی ئاو، ئەو پشووانەش بە دەرفەتێکی باش دەبینێت بۆ ئەوەی وەک ستافی راهێنەران رێنمایی زیاتر بە یاریزانەکانیان بدەن و پلانی یارییەکە بەپێی پێویست بگۆڕن.

 

دیشامپ لە لێدوانەکانیدا بۆچوونێکی روونی لەبارەی پاڵێوراوانی نازناوەکە خستەڕوو و ئیسپانیای وەک پاڵێوراوی یەکەم بۆ بردنەوەی جامەکە دیاریکرد. بە بڕوای ئەو، سەرەڕای ئەوەی کە دەکرێت هەمان پرسیار ئاراستەی راهێنەری ئیسپانیاش بکرێت، بەڵام لە ئێستادا ئیسپانیا هەڵبژاردەی دڵخواز و بەهێزترین تیپە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە.

 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، دیشامپ ئاماژەی بەوە دا کە شکستی مێژوویی فەرەنسا بەرامبەر سەنیگال کە بۆ ٢٤ ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە، تەنها بەشێکە لە رابردوو و کاریگەری لەسەر ئەوان نابێت، بۆیە هەموو ئامانج و هیواکانیان تەنها لەسەر بردنەوەی یارییەکەی ئەمجارە چڕ کردووەتەوە.

 

سەبارەت بە ئەستێرەکانی تیپەکەشی، دیشامپ ستایشی عوسمان دێمبلی کرد و بە یاریزانێکی نایاب و شایستەی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆری زانی، کە هەمیشە خاوەنی ورەی بەرزە بۆ بردنەوە لەگەڵ یانەکەی و هەڵبژاردەکەیدا.

 

هەروەها جەختی لەسەر گرنگی توانا هونەرییەکانی مباپێ و سەرجەم یاریزانەکانی تر کردەوە بۆ سەرکەوتن، بەڵام لە هەمان کاتدا مباپێی بە خاڵێکی هەستیار و ناسراوی جیهان وەسفکرد و دوپاتیکردەوە کە دەیانەوێت بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لێبکەن و لە هەر مەترسی و پێکانێک بە دووری بخەنەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

چامپیۆنزلیگ.. یۆڤانتۆس لە یەکەم یاریدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا

یاسین

ماستانتونۆ لە ریال مەدرید نیگەرانە

یاسین

پرێمەرلیگ.. مانچستەر یونایتد دوو خاڵی دیکەی لەدەستدا

یاسین