لە مانگەکانی ڕابردوودا چەند پیاوێک بە گومانی هاوکاری گرووپی حەماس لە ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی ئەورووپا دەستگیر کران. دادستانی گشتیی ئەڵمانیا ڕایگەیاند ئەو کەسانە بە نیاز بوون هێرشێکی تیرۆریستی لە ئەورووپا ئەنجام بدەن.
لە پاییزی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا، ٩ پیاو بە گومانی هاوکاری گرووپی حەماس لە ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی ئەورووپا دەستگیر کراون. یێنس ڕۆمێل، دادستانی گشتیی فیدراڵیی ئەڵمانیا، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەو دامەزراوەیە لە کارلسروهه ئەم هەواڵەی ڕاگەیاند و گوتی لای یەکێک لە تۆمەتبارەکان ڤیدیۆیەکی پێشوەختە تۆمارکراو بۆ گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتی هێرشێکی تیرۆریستی دۆزراوەتەوە.
بە گوتەی ئەو، لەو ڤیدیۆیەدا باسی هێرشێک لە دووەم ساڵیادی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ کراوە. سێ کەس لەو ٩ گومانلێکراوە لە ١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ لە بەرلین دەستگیر کران. دادستانی ڕایگەیاند ئەو کەسانە لایەنی کەم لە هاوینی ئەو ساڵەوە لە گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بەشدار بوون.
لێکۆڵەرانی دۆسیەکە پێیان وایە بڕیار بووە ئەو چەکانە بۆ هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ناوەندە جوولەکە یان ئیسرائیلییەکان لە ئەڵمانیا و ئەورووپا بەکار بهێنرێن. لە مانگەکانی دواتردا شەش پیاوی دیکە لە پێوەندی لەگەڵ ئەم دۆسیەیە لە ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی ئەورووپا دەستگیر کران. دوایین حاڵەتی دەستگیرکردن لە کۆتایی مانگی ئایار لە دانمارک بوو. پێشتریش چەند گومانلێکراوێکی دیکە لە بەریتانیا و قوبرس دەستگیر کرابوون. دادستانی ئەڵمانیا گوتی یەکێک لە دەستگیرکراوەکان لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا چەکی شاردبووەوە.
لە کۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵ، دادگای بەرلین چوار ئەندامی ڕێکخستنە نهێنییەکانی حەماسی بە چەند ساڵ زیندانیکردن مەحکووم کرد. بۆ دادگا سەلمێنرا ئەو پیاوانە وەک ئەندامی دەرەوەی حەماس لە ئەڵمانیا، پۆڵەندا، دانمارک و بولگاریا بە دوای کۆگای چەکدا گەڕاون. ئەو چوار کەسە بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی تاوانبار کران. بەو بڕیارە بۆ یەکەم جار دادگایەکی باڵای ویلایەتی لە ئەڵمانیا، حەماسی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی بە گوێرەی یاسای سزادانی ئەو وڵاتە ناساند.

