لەگەڵ دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا، ڕکابەرییەکی توند لەنێوان لیۆنێل مێسی و کیلیان ئێمباپێدا دروستبووە بۆ شکاندنی ژمارە پێوانەییەکەی میرۆسلاڤ کلۆزەی ئەڵمانی.
کلۆزە لە ئێستادا بە 16 گۆڵ لە سەرووی لیستی گۆڵکارانی مێژوویی مۆندیال دێت، بەڵام چاوی هەموو جیهان لەسەر ئەم دوو ستێرەیەیە کە ئایا کامەیان دەتوانێت لەم پاڵەوانێتییەدا ئەو ڕیکۆردە مێژووییە کۆنە تێکبشکێنێت.
لیۆنێل مێسی، کاپتنی ئەرژەنتین، لە ئێستادا خاوەنی 13 گۆڵە و تەنیا 3 گۆڵی ماوە بۆ ئەوەی بگاتە پێشەنگی لیستەکە، بەتایبەت دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە مۆندیالی 2022 پێشکەشی کرد کاتێک 7 گۆڵی تۆمارکرد.
لە بەرامبەردا، کیلیان ئێمباپێی فەڕەنسی، کە تەمەنی تەنیا 27 ساڵە، بە کۆکردنەوەی 12 گۆڵ لە تەنیا دوو مۆندیالی پێشوودا، مەترسییەکی گەورە لەسەر کلۆزە و مێسی دروست دەکات؛ ئەو گەنجە فەڕەنسییە تەنیا پێویستی بە ٥ گۆڵی دیکەیە بۆ ئەوەی ببێتە گۆڵکاری یەکەمی مێژووی مۆندیالەکان.
ڕیکۆردەکەی میرۆسلاڤ کلۆزە لە ساڵی 2024ەوە کاتێک ژمارە پێوانەییەکەی ڕۆناڵدۆی بەڕازیلی شکاند، بە نەشکێنراوی ماوەتەوە.
لەم مۆندیالەدا، بەهۆی ئەوەی هەردوو هەڵبژاردەی ئەرژەنتین و فەڕەنسا پاڵێوراوی سەرەکین بۆ گەیشتن بە قۆناغەکانی کۆتایی، چانسێکی زێڕین بۆ مێسی و ئێمباپێ ڕەخساوە تا یاری زیاتر بکەن و بە تۆمارکردنی گۆڵ، کۆتایی بە باڵادەستییە 12 ساڵەکەی ئەفسانە ئەڵمانییەکە بهێنن.

