کۆمپانیای ئەدۆبی تایبەتمەندییەکی نوێ و پێشکەوتووی لەسەر بنەمای ژیریی دەستکرد بۆ ئەپڵیکەیشنی مۆبایلی “لایتڕووم” (Lightroom) ناساند، کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات بە تەنیا یەک دەستلێدان ئەو وێنانە چاک بکەن کە کەسەکان تێیاندا بە هەڵە چاویان ترووکاندووە یان داخراوە.
ئامرازە نوێیەکە بە ناوی “کردنەوەی چاو” (Open Eyes) بەردەست دەخرێت؛ کاتێک سیستەمەکە چاوی داخراو لەناو وێنەکەدا دەستنیشان دەکات، وەک بژاردەیەکی خێرا لەبەردەم بەکارهێنەردا دەردەکەوێت و بە شێوەیەکی خۆکارانە چاوەکان دەکاتەوە.
بۆ دەستکەوتنی ئەنجامێکی تەواو سروشتی، ژیرییە دەستکردەکە سوود لە وێنەکانی تری هەمان کەس لەناو گەلەریی مۆبایلەکەدا وەردەگرێت، تاوەکو قەبارە، شێوە و ڕەنگی ڕاستەقینەی چاوەکان بە تەواوی لەگەڵ ڕووخسارەکەدا بگونجێنێت بە جۆرێک کە هیچ کاریگەرییەکی دەستکاری پێوە دیار نەبێت.
شارەزایانی تەکنەلۆژیا پێیان وایە ئەم هەنگاوە نوێیەی ئەدۆبی کێشەیەکی باو و مێژوویی وێنەگرتن چارەسەر دەکات، بەتایبەت لە وێنە بەکۆمەڵەکان و یادگارییە خێزانییەکاندا کە زۆرجار داخستنی چاوی تەنیا یەکێک لە بەشداربووان دەبووە هۆی لەدەستچوونی تەواوی وێنەکە.

