zagros news agency

عبوودی: داخستنی سنووری شێب بەهۆی ئامادەنەبوونی بووە و بوونی بارەگای حووسییەکان لە عێراق ڕەت دەکەینەوە

گوتەبێژی حکومەتی عێراق، حەیدەر عبوودی، جەختی کردەوە کە داخستنی سنووریی شێب بەهۆی نەبوونی ئامادەیی تەکنیکی و لۆجیستی بووە؛ هاوکات شیکردنەوەی زیاتری دادا و نهێنی پشت هەواڵەکانی پەیوەست بە بوونی بارەگای حووسییەکان لە عێراق ڕەت کردەوە و دووپاتی کردەوە کە بەغدا ڕێگە نادات خاکی وڵاتەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت.

عبوودی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ڕایگەیاند کە ڕاگرتنی کارکردن لە مەرزی شێب هەنگاوێکە بەرەو بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی تەکنیکی، لۆجیستی و پەرەپێدانی سنوورەکه، چونکە لە ئێستادا ئامادەیی تەواوی نەبووە.

ڕوونی کردەوە کە جگە لەم دەروازەیه، چەندین سنووری دیکە هەن کە ڕەوتی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ ئێراندا بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە و وەک ڕێگەی جێگرەوە کار دەکەن.

سەبارەت بەو هەواڵانەی لەسەر بوونی بارەگای حووسییەکان لە عێراق بڵاو دەکرێنەوە، گوتەبێژی حکومەت ڕوونی کردەوە کە هیچ بارەگایەکی لەو جۆرە لە ناوخۆی عێراقدا تۆمار نەکراوە و بابەتەکە پێویستی بە هیچ بڕیارێکی حکومی ناکات، چونکە لە بنەڕەتدا بوونی نییە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک کەس سوورن لەسەر دەستگرتن بەو چیرۆکانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەکرێنەوە.

جەختی کردەوە کە بوونی چەکدارانی وڵاتانی تر لە ناو خاکی عێراقدا پێچەوانەی بنەما دەستوورییەکانە و عێراق نابێتە مۆڵگە یان شوێنی دەستپێکی پەلاماردانی وڵاتانی دراوسێ.

عبوودی ئاشکرای کرد کە هەماهەنگییەکی بەرز لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دەرکردنی ئەندامەکانیان لە عێراق.

هەواڵی پەیوەندیدار

پاسپۆرتی عێراقی؛ لە ڕیزبەندی کۆتاییی وڵاتانی عەرەبی و جیهاندا ماوەتەوه

یاسین

یونیسێف: دیاردەی “ئێل نینۆ” ژیانی زیاتر لە 347 ملیۆن منداڵ دەخاتە مەترسییەوە

سەڵاح

ئەنبار.. 130 كەس بەهۆی خواردنی خێراوە ژەهراوی بوون

سەڵاح