پیشەسازی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت، تێیدا خێرایی بارگاویکردن و تەمەنی درێژی پاتری بوونەتە گۆڕەپانی سەرەکیی کێبڕکێی نێوان کۆمپانیا زەبەلاحەکان. لەم چوارچێوەیەدا، کۆمپانیای “Sunwoda Power” لە “ڕۆژی تەکنەلۆژیا” لە پەکین، نەخشەڕێگەیەکی گشتگیری بۆ بەرهەمە نوێیەکانی ڕاگەیاند کە بازاڕی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان دەهەژێنێت.
خێراترین بارگاویکردن لە مێژوودا
لە سەنتەری ئەم گۆڕانکارییانەدا، پاتری “Xingchi Supercharge 2.0” دەبینرێت کە لە جۆری (LFP)یە، ئەم پاترییە توانای بارگاویکردنی بە هێزی15C هەیە، واتە دەتوانرێت تەنیا لە ماوەی 9 خولەکدا ڕێژەی بارگاویکردنی لە 5٪ـەوە بگەیێنێتە 95٪، یان تەنیا لە 5.5 خولەکدا بگاتە 75٪.
ئەم پاترییە لە 264 خانەی پڕیزمی پێکهاتووە، توانای گشتی 98.8 کیلۆوات کاتژمێرە و کارەبایەک بە هێزی 844.8 ڤۆڵت بەرهەم دەهێنێت. یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکان ئەوەیە کە کۆمپانیاکە گەرەنتییەکی بێوێنەی داوە؛ بەکارهێنەران دەتوانن بەبێ هیچ سنووردارکردنێک بارگاویکردنی زۆر خێرا بەکاربهێنن لە ماوەی گەرەنتی پاترییەکەدا، بێ ئەوەی زیان بە تەمەنی پاترییەکە بگات کە تەمەنی زیاتر لە 1,500 جارە.
پاتریی تەمەن درێژ و سیستەمی هایبرید
جگە لە خێرایی، دوو بەرهەمی دیکەی بۆ ئۆتۆمبێلی سەرنشین خستە ڕوو:
پاتریی تەمەن درێژ: بانگەشەی ئەوە دەکات لە ساڵی یەکەمدا هیچ “داخوران و کەمبوونەوەیەکی نابێت”، دوای 10 ساڵ تەنیا 10٪ـی تواناکەی لەدەست بدات.
پاتریی هایبرید: خانەی لوولەکی گەورە بەکاردەهێنێت و لە ماوەی 10 خولەکدا لە 10٪ـەوە دەگاتە 80٪ـی بارگاوی دەکرێت.
کۆمپانیاکە تەنیا لەسەر ئۆتۆمبێلی بچووک نەوەستاوە؛ بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان، سیستەمێکی بارگاویکردنی بە هێزی 1.44 مێگاوات ناساند. هەروەها بۆ سیستەمی هایبرید، پاتری بچووکی (3 تا 7 کیلۆوات کاتژمێر) پەرەپێداوە کە مەودای 15کم بە کارەبای تەواو دەبڕن.
سۆدیۆم و ژیریی دەستکرد
لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا بۆ کەمکردنەوەی تێچوو، “Sunwoda” پاترییەکانی سۆدیۆم-ئایۆنی ڕاگەیاند. ئەم پاترییانە زیاتر لە 20 هەزار جار بارگاوی دەکرێت و لە پلەی گەرمی بەرزدا زۆر جێگیرن. هەرچەندە چڕی وزەیان لە لیسیۆم کەمترە، بەڵام بۆ ئۆتۆمبێلە هەرزانەکان و سیستەمی کۆگاکردنی وزە گونجاون.
هاوکات، ستراتیژی “AI+ Battery” ناسێنرا، تێیدا ژیریی دەستکرد لە هەموو قۆناغەکانی گەشەپێدان، دروستکردن و بەڕێوەبردنی تەمەنی پاترییەکاندا بەکاردێت.
پێگەی بازاڕ و کێبڕکێ
ئەم ڕاگەیاندنانە لە کاتێکدایە کە کێبڕکێی توندی کۆمپانیاکان لە “چڕی وزە”ـەوە گۆڕاوە بۆ “خێرایی بارگاویکردن و تەمەنی پاتری”. بەپێی ئامارەکانی مانگی ئازاری 2026، کۆمپانیای “Sunwoda” خاوەنی 2.5٪ی پشکی بازاڕی پاترییە لە چین.
کۆمپانیاکە هەروەها کار لەسەر پاتری “ماددە ڕەقەکان” دەکات کە مەودای 1000 کم دەبڕن. لە ڕووی یاسایی و داراییەوە، “Sunwoda” توانی کێشەیەکی 323 ملیۆن دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیای جێلی چارەسەر بکات و ڕوونی کردەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە کێشەی پاترییەکانی کۆمپانیای ڤۆڵڤۆوە نییە.
ئەم پەرەسەندنانە دەیسەلمێنن کە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان خەریکە گەورەترین بەربەست دەبڕن کە ئەویش کاتی زۆری بارگاویکردنە. بەم تەکنەلۆژیا نوێیانە، بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلێک هێندەی پڕکردنی ئۆتۆمبێل بە بەنزین پێویستە، ئەمەش کێبڕکێی نێوان کۆمپانیاکان دەباتە ئاستێکی زۆر بەرزتر.

