zagros news agency

وەزارەتی کارەبا وردەکاریی پارەدانی پسوولەی “رووناکی” و دانەوەی قەرزی کۆنی ڕاگەیاند

 

لە ڕاگەیاندراوێکدا، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکارییەکانی پەیوەست بە ماوەی پارەدان و بڕینی کارەبای لە چوارچێوەی پڕۆژەی “رووناکی” بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکە هاتووە، هاوبەشانی کارەبا تەنیا 50 رۆژیان لەبەردەستە بۆ دانی پارەی پسوولەکانیان، بە پێچەوانەوە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کارەباکەیان دەپچڕێت.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ماوەی 50 رۆژ وەک کاتێکی ستاندارد دیاریکراوە بۆ ئەوەی هاوبەشان پارەی پسوولەکانیان بدەن. ئەم ماوەیە راستەوخۆ لە دوای بەردەستبوونی پسوولەی کارەبا لە سەکۆی دیجیتاڵیی (ئی-پسوولە) دەست پێدەکات.

داواش دەکات هاوبەشان قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی رووناکی بدەنەوە، چونکە بەم زووانە نەدانی قەرزی کۆنیش دەبێتە هۆی بڕینی ئۆتۆماتیکیی کارەبا.

وەزارەتی کارەبا روونیشی کردووەتەوە، مەبەست لەم سیستەمە دادپەروەری و دڵنیاییدانە لە بەردەوامیی پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری. باسی لەوەش کردووە، نەدانی پارەی کارەبا لەلایەن بەشێک لە هاوبەشانەوە، بارگرانی دەخاتە سەر وەزارەت و توانای دابینکردنی کارەبای بەردەوام کەم دەکاتەوە.

وەزارەتی کارەبا داوا لە هاوبەشان دەکات بە زووترین کات خۆیان لە پڕۆژەی رووناکی تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی راستەوخۆ لە رێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە ئاگاداری دەرچوونی پسوولەی نوێ و کاتی پارەدان بن. پرۆسەی خۆتۆمارکردنیش ئاسانە و دەکرێت لە رێگەی پەیوەندیکردن بە ژمارە (1992)، یان سەردانیکردنی ماڵپەڕی (runaki.gov.krd)، یان سکانکردنی کیو ئاڕ کۆدی (QR Code) سەر پسوولەکە، و یانیش سەردانیکردنی نزیکترین بنکەی فرۆشیاریی وزەوە بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، پێویستە پارەدان لە رێگەی (ئی-پسوولە)ـەوە بێت، چونکە خێراترین رێگەیە بۆ دووربوون لە پچڕانی کارەبا. ئەگەر کارەبای هاوبەشێکیش بپچڕێت، دوای دانی تەواوی پارەکە، لە ماوەی 24 کاتژمێردا کارەباکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە. وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە، پێویستە تەواوی پارەی پسوولەکە بدرێت و پارەدانی نیوەچڵ و بڕێک لە پارەکە قبوڵکراو نییە.

سەبارەت بە هەڵەتێگەیشتنەکانی پەیوەست بە دۆخی ئابووری و مووچە، وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆربەی هاوبەشان لە کاتی خۆیدا پارە دەدەن. دانانی ماوەی 50 رۆژ وەک مۆڵەتێکە بۆ هاوبەشان بۆ ئەوەی بتوانن پارەکە ئامادە بکەن و دادپەروەری بۆ هەمووان دەستەبەر بکات. هەروەها سەبارەت بەو کەسانەی باری تەندروستییان جێگیر نییە و ئامێری پزیشکی بەکاردەهێنن، وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، رەچاوی دۆخی ئەو کەسانە دەکات و بە شێوەیەکی تایبەت مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

وەزارەتی کارەبا داوا دەکات، هاوبەشان کۆنترۆڵی بەکارهێنانی کارەباکەیان بکەن، چونکە سیستەمەکە وایە کە چەندە کارەبا کەمتر بەکاربهێنرێت، بڕی پارەی سەر پسوولەکەش هێندە کەمتر دەبێتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “نزیکەی 80%ـی هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی رووناکیدا پارەی کەمتر دەدەن بەراورد بەو کاتەی پارەیان دەدا بە مۆلیدە ئەهلییەکان، لە هەمان کاتدا سوودمەندن لە کارەبایەکی 24 کاتژمێریی پاکتر و سەلامەتتر.”

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی فیلمی “Godzilla X Kong” لە سینەماکاندا

ART

داهاتی فیلمی “The Beekeeper” لە سینەماکاندا

ART

زیفار… بەرپرسى بزووتنەوەیه‌ك دوو کەس وه‌ك قوربانی ده‌كوژێت، ده‌ستگیر ده‌كرێت

سەڵاح