ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پڕۆژەی کولتووری “ماستی قەڵاتێ” کرایەوە

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ریوڕەسمێکدا، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەڵەبجە و کەسایەتی و دانیشتوانی ناوچەکە، پڕۆژەی کولتووری “ماستی قەڵاتێ”ـی لە گوندی هاوار کردەوە.

پڕۆژەکە لە لایەن ڕێکخراوی “شنروێ”ـی کاکەیی پێشکەش بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان کرابوو.

بە بڕیاری وەزیری رۆشنبیری و لاوان، بودجەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە تەرخانکرا و لە گوندی هاوار گۆڕەپانێکی تایبەت بۆ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ساڵانەی “ماستی قەڵاتێ” دروستکرا.

رێوڕەسمی ساڵانەی “ماستی قەڵاتێ”، رێوڕەسمێکی کولتووری دێرینی پەیڕەوانی یارسانە لە گوندی هاوار، بەشێکە لە نەریتێکی ئایینی، بە مەبەستی قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و چەسپاندنی بەهاکانی دۆستایەتی و ئاشنایەتی خەڵک ساز دەکرێت.

لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەکەدا، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان وتارێکی پێشکەشکرد، وێڕای ئاماژەدان بە رۆڵ و پێگەی گوندی هاوار، لە خزمەتکردنی جووڵانەوەی رزگاریخوازی کوردستان و شۆڕشەکانیدا، رایگەیاند، هاوار هەمیشە ناوەندێکی گرنگ بووە بۆ پەخشکردنی گیانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە، قوڵکردنەوەی گیانی تەبایی، پارێزگاری ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی و دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ بەیەکەوە سازان و سەقامگیری کۆمەڵایەتی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و تەواوی کوردستاندا.

گوتیشی: جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی کولتووری بۆ زیندووڕاگرتنی رێوڕيسمی ماستی قەڵاتێ، ئەرکێکی پیرۆزە، کە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لەسەر بنەمای ستراتیژی خزمەتکردنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان جێبەجێی کردووە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، نوێنەرانی خەڵکی گوندی هاوار، خەڵاتی رێزلێنانیان پێشکەش بە وەزیری رۆشنبیری و لاوان کرد، لە پای هەوڵە بەرچاوەکانی بۆ خزمەتی کاکەییەکان بە گشتیی و گوندی هاوار بە تایبەتی.

هەواڵی پەیوەندیدار

فیلمی “Barbie” بەردەوامە لە بەدەستهێنانی داهات

ART

هونەرمەند جەمیل نەوسودی کۆچی دواییکرد

ART

داهاتی بەشی چوارەمی “Kung Fu Panda” لە سینەماکاندا

ART