ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

لە هه‌ولێر پێشانگه‌یه‌كی هونەری لەبارەی رۆڵ و پێگه‌ی ژن له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا كرایه‌وه‌

بە بەشداری 17 هونه‌رمه‌ندی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان، له‌ فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی كۆبوونه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگەی پڕۆژه‌یه‌كی هونه‌رییه‌وه‌، رۆڵ و پێگه‌ی ژن له‌ بواره‌ جیاجیاكانی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ پیشان بده‌ن.

پڕۆژه‌ هونه‌رییه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سیمپۆزیۆمی “هێلان” رێكخرا و بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ هونه‌رمه‌نده‌كان كاریان تێدا كرد، له‌ سه‌ر بانی فێرگه‌كه‌، هۆڵ و باخچه‌ی فێرگه‌كه‌دا، شانبه‌شانی یه‌كدی، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ كاریان کردووە و سه‌رقاڵی كێشانی تابلۆ و تێكه‌ڵكردنی ره‌نگ و ئاوێته‌كردنی به‌هره‌كانیان بوون.

هه‌ر 17 هونه‌رمه‌نده‌كه‌، به‌ ئه‌فراندنه‌ هونه‌رییه‌كانیان، له‌ رێگه‌ی ره‌نگ و كه‌رسته‌ی هونه‌رییه‌وه‌، تابلۆ و كۆته‌ڵه‌ هونه‌رییه‌كانیان نه‌خشاند و له‌ هۆڵی فێرگه‌كه‌ ئاماده‌ كران و سه‌رجه‌می به‌رهه‌مه‌كان له‌ پێشانگه‌یه‌كدا به‌ ناونیشانی “هه‌بوون” نمایشكران و ئێواره‌ی هه‌شتی مارس پێشانگه‌كه‌ كرایه‌وه‌.

وێڕای كاركردنی به‌رده‌وامیان، هونه‌رمه‌ندان پڕۆژه‌كه‌یان كرده‌ وێستگه‌یه‌ك بۆ ئاوێته‌كردنی ئه‌زموونه‌ هونه‌رییه‌كانیان و ئاڵوگۆڕی بیروڕا له‌ باره‌ی رۆڵ و پێگه‌ی ژن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریدا، به‌و پێیه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌ربڕی هه‌لومه‌رجی ژنبوون و رۆڵییه‌تی له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا.

“هێلان”، پڕۆژەیەکی پەیمانگای گۆته‌یه‌ له‌ عێراق و بە هەماهەنگی “سێڤ گەلەری” و “فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی ڕۆژنامەوانی” به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی به‌شداریان له‌ پڕۆژه‌كه‌دا كردبوو، له‌ گه‌له‌ری “فێرگه‌ی فرێمینگ”‌ نمایشكراون و شه‌وان به‌ درێژایی مانگی ره‌مه‌زان هۆڵه‌كانی نمایش و گه‌له‌ری فێرگه‌كه‌ كراوه‌ن بۆ سه‌ردان و بینینی تابلۆ و كاره‌ هونه‌رییه‌كان.

فێرگه‌ی فرێمینگ بۆ وێنه‌ی رۆژنامه‌وانی، ناوه‌ندێكی كولتوورییه‌ و بایه‌خ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی توانا و به‌هره‌ هونه‌رییه‌كان به‌ گشتیی و هونه‌ری فۆتۆگرافی و وێنه‌ی ڕۆژنامه‌وانی به‌ تایبه‌ت ده‌دات و به‌ شێوه‌یه‌كی نیمچه‌ ڕۆژانه‌ چالاكی هونه‌ری و فه‌رهه‌نگی تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

فیلمی “Barbie” بەردەوامە لە بەدەستهێنانی داهات

ART

قادر ئەسعەد بەشی دووەمی ئەلبوومی حەیران ئەلبوومی بڵاودەکاتەوە

ART

ئێلیسا ئاهەنگێک لە قوبڕس دەگێڕێت

ART