دوای ئەوەی وەرزی یەکەمی زنجیرەی زانستی خەیاڵیی “3 BODY PROBLEM” بووە جێی ستایشی رەخنەگران و بینەران، تۆڕی نێتفلێکس بە فەرمی دەستیکردووە بە ئامادەکاری بۆ وەرزی دووەم و دوو ئەکتەری نوێی بۆ کاستە بەهێزەکەی زیاد کردووە. هەریەک لە کلاودیا دومیت و ئیلی دی لانج بەشداری لە وەرزی نوێدا دەکەن و ڕۆڵی گرنگیان دەبێت.
دومیت رۆڵی “کاپتن ڤان ڕاین” و دی لانج رۆڵی “ئەیلا” دەگێڕن. زنجیرەکە لەسەر بنەمای زنجیرە رۆمانێکی چینی بە هەمان ناو لە نووسینی لیو سیسین بەرهەمهێنراوە و خەڵاتی “هیوگۆ”ی بەدەستهێناوە، باس لە یەکەم پەیوەندیی مرۆڤایەتی دەکات لەگەڵ بوونەوەرێکی بیانی و ئەو دابەشبوونەی لەناو مرۆڤەکاندا دروستی دەکات.
زنجیرەکە لەلایەن دەیڤد بێنیۆف و دی. بی. وایس، بەرهەمهێنەرانی زنجیرەی بەناوبانگی “Game of Thrones”، دروستکراوە و کاستێکی بەهێزی هەیە کە ئەکتەرانی وەک لیام کەنینگهام، بێندیکت وۆنگ و جۆن برادلی لەخۆدەگرێت.

