ئەمڕۆ هەینی 2025.9.5, سەرۆک بارزانی، گەیشتە سەرۆکایەتیی شارەوانی پاریس و لەلایەن سەرۆکی شارەوانی پاریس ئان ئیدالگۆ، پێشوازی لێکرا.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی شارەوانی پاریس، خۆشحاڵی خۆی بەسەردانی سەرۆک بارزانی دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە کوردستان ، پێگەیەکی تایبەتی لە دڵی فەرەنسییەکاندا هەیە.
لەلایەن خۆیەوە سەرۆک بارزانی، پێزانینی خەڵکی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامیی گەلی فەرەنسا دووپات کردەوە و سوپاسی سەرۆکایەتی شارەوانیی پاریسی کرد بۆ کردنەوەی شەقامی پێشمەرگە و ئاماژەی بەوەدا ناونانی ڕێگەی پێشمەرگە لە پاریس نیشانەی پەیوەندی لە مێژینەی گەلی کوردستان و گەلی فەرەنسایە.
لەوبارەیەشەوە سەرۆکی شارەوانی پاریس رێز و ستاییشی خۆی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕی کە لە بری هەموو جیهان شەڕی چەکدارانی داعش و تیرۆریان کرد و رایگەیاند، کە فەرەنسا بەچاوی رێزەوە دەڕوانێتە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە تێکشکاندنی تیرۆرستان و گوتی: ئێمە قەرزاری پێشمەرگەین.
دواتر سەرۆک بارزانی، کتێبێک، کە باس لە قارەمانێتی پێشمەرگە و سەرکەوتنەکانی دەکات بەرانبەر گرووپی تیرۆریستی داعش و تابلۆیەکی پێشمەرگەی پێشکەش بە سەرۆکی شارەوانی پاریس کرد.
لە بەرامبەردا، سەرۆکی شارەوانی پاریس خۆشحاڵی خۆی بەدیارییەکان نیشاندا و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دیارییانە زۆر بەهادارن لەلای من و سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد.











