بەربژێرێكی پارتی دیموكراتی كوردستان له سنووری پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت: “(٥٤) مادەی دەستووری لە لایەن عەرەبە فاشییە پێشێل ئەکرێت، هەوڵی برسیکردنی گەلەکەمان دەدرێت، بۆیە لەگەڵ خوشک و برایانمان هەنگاو بەرەو پەرلەمانی عێراق و ئەو بەرەی جەنگی یاسایی و دەستوورییە دەنێین، تا بتوانین وەک ڕۆژانی پێشمەرگایەتی و خەباتی سیاسی و مەدەنی، خەبات بكەین بۆ بەدەستهێنانی کۆی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد.“
تەرزە محەمەد، بەربژێری ژمارە (١٣)ی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان له سلێمانی، بۆ زاگرۆس گوتی: “من کچی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانم، لەو ڕۆژەوەی مستەفا بارزانی رێی شاخی هەڵبژارد بۆ بەرگریكردن لە خاک و نیشتمان، باوکم و مامەکانم بە دڵێکی گەرم و مێشکێکی ساردەوە چەکی شۆڕشیان کردە شان و بوون بە پێشمەرگە و قوتابیی قوتابخانەی ڕێبازە پیرۆزەکەی بارزانی و هەر بەردەوام بووین، تا خۆشم تەمەنم گەیشتە ١٢ ساڵی، ئیتر زۆر بەپەلە بووم لەو قوتابخانە مەزنە جێ بگرم. هەر بۆیە بە کۆی خوشک و براکانمەوە لە ئاوارەیی پەیوەندییمان کرد بە یەکێتیی قوتابییانی کوردستان و تیایدا بەردەوام بووم تاکوو بووم بە مامۆستای زانکۆ و لە حزبیشدا بووم بە کارگێڕی ناوچە.“
سەبارەت بە خۆبەربژێركردنی گوتیشی: “مەبەست و خواستم لە خۆکاندیدکردن گوێزانەوەی خەباتی سیاسی و مەدەنییە بۆ خەباتی یاسایی و دەستووری، چونکە بەتەواوی باوەڕم وایە قۆناغی فیدراڵی قۆناغێکی ڕاگوزەرە و دەبێت کار و خەباتمان بۆ گوێزانەوە بێت بۆ قۆناغی کۆنفدراڵی و پاشان ئازادیی تەواو بۆ کورد و کوردستان، لە هەمان کاتدا دەبینم (٥٤) مادەی دەستووری لەلایەن عەرەبە شۆفێنییەکانەوە پێشێل ئەکرێن و هەوڵی برسیکردنی گەلەکەم ئەدرێت، بۆیە بە گونجاوم زانی لەگەڵ خوشک و براکانی کوردم هەنگاو بەرەو پەرلەمانی عێراق و ئەو بەرەی جەنگی یاسا و دەستوورە بنێم، تاوەكوو بتوانم وەک ڕۆژانی پێشمەرگایەتی و خەباتی سیاسی و مەدەنی خەبات بۆ بەدەستهێنانی کۆی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد بکەم”
بەربژێری ژمارە (١٣)ی پارتی لە سلێمانی راشی گهیاند: ”لە هەمان کاتدا خەبات بکەم بۆ ڕێگەنەدان بە برسیکردنی گەلەکەم و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی کۆمەڵە یاسایەک بۆ کەرتی پەروەردە و مافی مرۆڤ و ئاژەڵ و دارودرەختی تیادا پارێزراو بێت، چونکە بە دیدی من گەورەترین کێشەی ئێمە لەگەڵ داگیرکەرانمان نەبوونی هۆشیاریی ئەوان و تا ڕادەیەکیش گەلی خۆمانی تیادایە، هەر بۆیە بە پەروەردەیەکی گونجاو دەکرێت گەلێکی شارستانی و مەدەنی دروست بکرێت کە وەرگرتنی کۆی مافی پێکهاتەکان و ئایینزاکان تەنیا بە یاسایەک دابین بکرێت. من دەمەوێت و داوا لە گەلەکەم ئەکەم هێزی ئەو رووبەڕووبوونەوەیە و گۆڕانکارییەم پێ بدەن، ئەویش بەهۆی دەنگدانیان بە لیستی ٢٧٥ی پارتیمان بەگشتی و کاندیدی ژمارە ١٣ بەتایبەتی. منیش پەیمان ئەدەم کە کارم بەرگریكردن لە مافی گەلەکەم و پارێزگاری لە نیشتمانەکەم بێت.“
دهشڵێت: “پارتیمان هێز و نیشانەی متمانە و دڵنیاییە بۆ ئایندەیەکی ڕوون و سەقامگیر لەداهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستاندا. ئەزموونێکی درێژخایەن و بەرگریکارێکی سەرسەختی گەلی کوردە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد لە بەغدا، پارتیمان بەدێژایی مێژوو خەباتی کردووە بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەی، لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسییشەوە پارتی دیموکراتی کوردستان باوەڕی بە هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان هەیە، وەک بنەماکانی کاری سیاسی و حوکمڕانی لە عێراق. لە درێژایی مێژووی سیاسیی خۆیشیدا، پارتی ئامانجی ئەوە بووە هاوبەشیی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێم و عێراق بپارێزێ.“

