zagros news agency

تەرزە محەمەد، بەربژێری ژمارە (١٣)ی لیستی ٢٧٥ی پارتی له‌ سلێمانی: پەیمان ئەدەم کە کارم بەرگریكردن لە مافی گەلەکەم و پارێزگاری لە نیشتمانەکەم بێت

 

بەربژێرێكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت: “(٥٤) مادەی دەستووری لە لایەن عەرەبە فاشییە پێشێل ئەکرێت، هەوڵی برسیکردنی گەلەکەمان دەدرێت، بۆیە لەگەڵ خوشک و برایانمان هەنگاو بەرەو پەرلەمانی عێراق و ئەو بەرەی جەنگی یاسایی و دەستوورییە دەنێین، تا بتوانین وەک ڕۆژانی پێشمەرگایەتی و خەباتی سیاسی و مەدەنی، خەبات بكەین بۆ بەدەستهێنانی کۆی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد.“

تەرزە محەمەد، بەربژێری ژمارە (١٣)ی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سلێمانی، بۆ زاگرۆس گوتی: “من کچی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانم، لەو ڕۆژەوەی مستەفا بارزانی رێی شاخی هەڵبژارد بۆ بەرگریكردن لە خاک و نیشتمان، باوکم و مامەکانم بە دڵێکی گەرم و مێشکێکی ساردەوە چەکی شۆڕشیان کردە شان و بوون بە پێشمەرگە و قوتابیی قوتابخانەی ڕێبازە پیرۆزەکەی بارزانی و هەر بەردەوام بووین، تا خۆشم تەمەنم گەیشتە ١٢ ساڵی، ئیتر زۆر بەپەلە بووم لەو قوتابخانە مەزنە جێ بگرم. هەر بۆیە بە کۆی خوشک و براکانمەوە لە ئاوارەیی پەیوەندییمان کرد بە یەکێتیی قوتابییانی کوردستان و تیایدا بەردەوام بووم تاکوو بووم بە مامۆستای زانکۆ و لە حزبیشدا بووم بە کارگێڕی ناوچە.“

سەبارەت بە خۆبەربژێركردنی گوتیشی: “مەبەست و خواستم لە خۆکاندیدکردن گوێزانەوەی خەباتی سیاسی و مەدەنییە بۆ خەباتی یاسایی و دەستووری، چونکە بەتەواوی باوەڕم وایە قۆناغی فیدراڵی قۆناغێکی ڕاگوزەرە و دەبێت کار و خەباتمان بۆ گوێزانەوە بێت بۆ قۆناغی کۆنفدراڵی و پاشان ئازادیی تەواو بۆ کورد و کوردستان، لە هەمان کاتدا دەبینم (٥٤) مادەی دەستووری لەلایەن عەرەبە شۆفێنییەکانەوە پێشێل ئەکرێن و هەوڵی برسیکردنی گەلەکەم ئەدرێت، بۆیە بە گونجاوم زانی لەگەڵ خوشک و براکانی کوردم هەنگاو بەرەو پەرلەمانی عێراق و ئەو بەرەی جەنگی یاسا و دەستوورە بنێم، تاوەكوو بتوانم وەک ڕۆژانی پێشمەرگایەتی و خەباتی سیاسی و مەدەنی خەبات بۆ بەدەستهێنانی کۆی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد بکەم”

بەربژێری ژمارە (١٣)ی پارتی لە سلێمانی راشی گه‌یاند: ”لە هەمان کاتدا خەبات بکەم بۆ ڕێگەنەدان بە برسیکردنی گەلەکەم و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی کۆمەڵە یاسایەک بۆ کەرتی پەروەردە و مافی مرۆڤ و ئاژەڵ و دارودرەختی تیادا پارێزراو بێت، چونکە بە دیدی من گەورەترین کێشەی ئێمە لەگەڵ داگیرکەرانمان نەبوونی هۆشیاریی ئەوان و تا ڕادەیەکیش گەلی خۆمانی تیادایە، هەر بۆیە بە پەروەردەیەکی گونجاو دەکرێت گەلێکی شارستانی و مەدەنی دروست بکرێت کە وەرگرتنی کۆی مافی پێکهاتەکان و ئایینزاکان تەنیا بە یاسایەک دابین بکرێت. من دەمەوێت و داوا لە گەلەکەم ئەکەم هێزی ئەو رووبەڕووبوونەوەیە و گۆڕانکارییەم پێ بدەن، ئەویش بەهۆی دەنگدانیان بە لیستی ٢٧٥ی پارتیمان بەگشتی و کاندیدی ژمارە ١٣ بەتایبەتی. منیش پەیمان ئەدەم کە کارم بەرگریكردن لە مافی گەلەکەم و پارێزگاری لە نیشتمانەکەم بێت.“

ده‌شڵێت: “پارتیمان هێز و نیشانەی متمانە و دڵنیاییە بۆ ئایندەیەکی ڕوون و سەقامگیر لەداهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستاندا. ئەزموونێکی درێژخایەن و بەرگریکارێکی سەرسەختی گەلی کوردە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد لە بەغدا، پارتیمان بەدێژایی مێژوو خەباتی کردووە بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەی، لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسییشەوە پارتی دیموکراتی کوردستان باوەڕی بە هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان هەیە، وەک بنەماکانی کاری سیاسی و حوکمڕانی لە عێراق. لە درێژایی مێژووی سیاسیی خۆیشیدا، پارتی ئامانجی ئەوە بووە هاوبەشیی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێم و عێراق بپارێزێ.“

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی

سەڵاح

کۆمیسیۆن سێ رۆژ مۆڵەت بە گۆڕینی کاندیدەکانی دووخراوەکان دەدات

سەڵاح

داهاتی بەشی چوارەمی فیلمی “Kung Fu Panda”

ART