ئەستێرەی جیهانی، فلۆرنس پیوی تەمەن ٢٩ ساڵ، ئاشکرای کرد کە دوای تەواوبوونی وێنەگرتنی فیلمی ترسناکی “Midsommar” لە ساڵی ٢٠١٩، تووشی خەمۆکییەکی قووڵ بووە کە بۆ ماوەی نزیکەی شەش مانگ بەردەوام بووە.
پیو لە میانی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی “لویز شیرۆکس”دا ڕایگەیاند، ئەو کارەکتەرەی کە ڕۆڵی دەگێڕا (دانی)، بە بارودۆخێکی دەروونیی زۆر سەخت و تراومایەکی خێزانیدا تێدەپەڕی. ئەمەش وایکرد کە زۆر بە قووڵی بچێتە نێو ڕۆڵەکەوە و دوای وێنەگرتن کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر باری دەروونیی خۆی جێبهێڵێت.
فلۆرنس پیو گوتی: “کارەکتەرەکە بە درێژایی کاتەکە لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژیا و لەسەر لێواری چەندین جەڵتەی دەروونی بوو. من خۆم پێشتر هەرگیز ئەزموونێکی لەو شێوەیەم نەبووە، بۆیە تووشی شۆک بووم کاتێک ڕێگەم بە خۆم دا بە تەواوی نوقمی ئازارە سۆزدارییەکانی کارەکتەرەکە ببم”.
پیو باسی لەوەش کرد کە لە کاتی وێنەگرتندا خەیاڵی لەدەستدانی یەکێک لە خوشک و براکانی کردووە، دواتریش دیمەنی پرسەکەیانی هێناوەتە بەرچاو. لە کۆتایی فیلمەکەدا هەستی کردووە ماڵئاوایی لە تەواوی خێزانەکەی دەکات.

