ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پیرۆزبایی وەزیری رۆشنبیری و لاوان بەبۆنەی رۆژی جیهانیی شانۆ

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی شانۆوە، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەدا هاتووە: بە بۆنەی رۆژی جیهانیی شانۆوە، پیرۆزبایی لە هەموو شانۆکارانی کوردستان دەکەین و دەستی ماندووبوونیان دەگوشین. هەر لەم بۆنەیەدا بە چاوی ڕێز و ئەمەکدارییەوە یادی شانۆکارانی هەمیشە زیندوو دەکەینەوە کە کۆچی دواییان کردووە و ئێستا لەناوماندا نین تا ئەم یادە بکەنەوە، بەڵام ئێمە یادی ئەوان، وەک پێشەنگ و مامۆستا و رێبواری ڕێی دامەزراندنی شانۆ دەکەینەوە، کە لە رۆژە سەختەکانی باری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، شانیان دایە بەر باری دانانی بەردی بناغەی ئەم هونەرە گەورە و کاریگەرە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامی حەمەی حەمەسەعید هاتووە: هاوکات ناوی هەموو ئەو شانۆکارانە بەرز ڕادەگرین، کە بەم هونەرە، خزمەتی بزاڤی ڕۆشنبیری و ئازادیخوازی گەلەکەمانیان کرد و گیانی خۆیان لە پێشمەرگایەتی یان لە رووبەڕوبوونەوەی دیکتاتۆریدا بەخشی و چوونە کاروانی شەهیدانەوە.

لەم رۆژەدا جەخت لە پەیامی راستەقینە و مرۆڤدۆستانەی هونەر بە گشتیی دەکەینەوە، کە پەیامی قبوڵ کردنی جیاوازییەکان و پایەدارکردنی ئاشتی و پێکەوەییە. ئەو پەیامەی، کە بە درێژایی مێژوو سەلماندوویەتی، هونەر، جیاوازییەکانمان جا بەهەر مانا و دەرکەوتەیەک بن، ناسڕێتەوە، یان وەکوو یەکیان لێناکات، بەڵکو کۆیان دەکاتەوە و سەرلەنوێ لە خزمەتی گەشەکردنی تاک و کۆمەڵگه‌ و مرۆڤایەتیدا، بە شێوەیەکی هونەریی دایاندەڕێژێتەوە. هونەر تایبەتمەندێتی تاک و کۆمەڵگه‌کان لەته‌ك جیهانییەتیدا لێک گرێ دەدات و دەبێتە زمانێک کە هەموو مرۆڤایەتی لێی تێ دەگات.

وەزیری رۆشنبیری و لاوان، هەروەها دەڵێت: هونەری شانۆ لە کوردستاندا، لەپاڵ هەموو ژانرەکانی دیکەی هونەرە جوانەکاندا، قۆناغی سەختی بڕیوە و تایبەتمەندییەتی کوردی و کوردستانی وەرگرتووە، بە چەندین ڕایەڵیش خۆی گرێ داوە لە شانۆی گەلانی دیکە، بە تایبەتی لە رێی وەرگێڕانی دەقە شانۆییە ناودارەکان و سەرلەنوێ نمایش کردنەوەیان بە شێواز و دنیابینی خۆماڵی.
جێی خۆشحاڵیشمانە، ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە شانۆکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات چوونەتە ناو جوڵانەوەی شانۆیی ئەو وڵاتانەوە کە لە تێیاندا دەژین و تەنانەت بوونەتە کەسایەتی دیار و خاوەنی شانۆ و ئەزموون و لابۆری تایبەت بە خۆیان و خەڵاتی نێودەوڵەتی وەردەگرن. دووبارە ئەم ڕۆژە لە هەموو شانۆکارانی کوردستان، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، پیرۆز دەکەین.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی هاتنەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان

دڵشاد

داهاتی بەشی نوێی “The Lion King” لە سینەماکاندا

ART

داهاتی “Madame Web” لە سینەماکاندا

ART