ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە وڵاتی رووسیا بەڕێوەده‌چێت

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” له رۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئه‌یلوولی ٢٠٢٤ لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی رووسیا بەڕێوەدەچێت.

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” MKFF بە سه‌رۆکایه‌تی کەرەم گەردەن زەری ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناوداری کوردیی دانیشتووی رووسیا، بە بەرپرسیاریی گولیزەر گەردەن زەری، ئینا تێدژۆڤا، به مه‌به‌ستی رەنگدانەوەی فەرهەنگ، مێژوو و پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و زمانه‌وانی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوه ره‌سه‌نه، بە نمایشی کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌م له به‌شی پێشبڕکێی فیلمه بڵنده سینەماییه‌کان، به‌شی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم، به‌شی پێشبڕکێی کورتە فیلم، به‌شی “شه‌ویی سینه‌مای کوردی”، به‌شی “نمایشی باشترین فیلمه‌کانی رووسیا‌” و پێشانگای کەلتووریی و هونه‌ریی له رۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئه‌یلوولی ٢٠٢٤ لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت.

به‌رپرسانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”، داوا له هه‌موو ئه‌و‌ فیلمسازانه ده‌که‌ن که فیلمیان سه‌باره‌ت به کورده‌کان و یا به ناوه‌رۆکی کورده‌کان ساز کردووه؛ تاکوو به‌رهه‌مه بڵنده سینه‌ماییه‌کان، بەڵگەفیلم و کورتە فیلمه‌کانی خۆیان بۆ به‌شداری له به‌شی پێشبڕکێی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه ‌له ڕێگای ماڵپه‌ڕی “فیلم فریوه‌ی” به ناونیشانی https://filmfreeway.com/MoscowKurdishFilmFestival بنێرن و رۆژی ١٠ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٤ دوایین مۆڵه‌تی ناردنی به‌رهه‌مه‌کان دیاریی کراوه.

خەڵاتی “هەتاوی زێڕین” ستایلێکی کریستاڵ به هێمای هەتاوی زێڕینه و ئه‌م خەڵاته گرینگه له پێنج به‌شدا، له‌وانه؛ باشترین فیلمی بڵیندی سینەمایی، باشترین بەڵگەفیلمی بڵیند، باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی، باشترین بەڵگەفیلمی کورت و هەروەها خەڵاتی “هاوبه‌شی له سینه‌مای کوردیی” به براوه‌کان پێشکەش دەکرێت.

بەرپرسانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە راگەیێندراوێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: “ئه‌م فێستیڤاڵه، له ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا بۆته رووداوێکی باوه‌ڕپێکراو و خۆشه‌ویست له لایه‌ن هۆگرانی هونه‌ریی سینه‌ما. به تایبه‌ت جێگای خۆشحاڵییه که نه ته‌نیا کوردانی تاراگه و نیشته‌جێی وڵاتی رووسیا بوونه‌ته هۆگریی فێستیڤاڵه‌که‌؛ به‌ڵکوو ساڵی پار، سه‌رنجی زۆریی له لایه‌ن پیشه‌گه‌ڕانی سینه‌ما و هه‌روه‌ها بینه‌رانی رووسیاوه بۆلای خۆی ڕاکێشا. و هه‌ر ئه‌وه گرینگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌ که ئێمه له ئێستادا سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی کارێکی گرینگ و زۆر پێویستین. له سه‌ره‌تای ده‌ستپێکی فێستیڤاڵ، پلانێکمان داڕشت که بینه‌ران نه ته‌نیا له‌گه‌ڵ سینه‌ما، به‌ڵکوو به شێوه‌ی گشتیی له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی ده‌وڵه‌مه‌ند و جیاوازیی کورده‌کان ئاشنا بکه‌ین. له ساڵی ٢٠٢٣ توانیمان پێشانگایه‌ک له هونه‌ری هاوچه‌رخی کوردیی به‌ڕێوه‌به‌رین و ئه‌مساڵیش هیوادارین که ئه‌م رێگایه درێژه پێبده‌ین و بێجگه له سینه‌ما و شێوه‌کاری، مۆسیقا، هه‌ڵپه‌ڕکێی، ئه‌ده‌بیات و ته‌نانه‌ت خواردنی زۆر خۆشیی کوردیش پێشکه‌ش بکه‌ین.”

لە درێژه‌ی راگەیێندراوە رۆژنامەوانییەکەدا هاتووه: “ساڵی پار، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”، ته‌رکیزی خستبووه سه‌ر سینه‌مای رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به‌و مێژوو و دابوونه‌ریته ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی که هه‌یه‌‌تی. ئه‌مساڵیش به شێوه‌ی گشتیی تیشکیان خستۆته‌ سه‌ر ئاخاوتن و وتووێژیی نێوان که‌لتووریی و هاوکاریی له‌گه‌ڵ سینه‌مای رووسیا. کوردەکان یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی جیهانن، هەر بەم پێیە مێژوویەکی دەوڵەمەند و فەرهەنگێکی جیاواز و جۆراوجۆریان هەیە که هەمووی ئەم تایبەتمەندیانە لە سینەمای هاوچەرخی کوردیدا خۆی دەرخستووە. فیلمه‌کانی فێستیڤاڵی کوردی “مۆسکۆ”، بینه‌رانی خۆی ئاوێته‌ی جوانناسی و به‌‌هێزبوونی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وایه‌تی، دابوونه‌ریت و که‌له‌پووریی ئایینی و هه‌روه‌ها دیارده کۆمه‌ڵایه‌تیی و که‌لتووریی خه‌ڵکانی کورد ده‌کات که خه‌زێنه‌ی راسته‌قینه‌ی سینه‌مای رۆژهه‌ڵاتن.”

مه‌نسوور جیهانی

هەواڵی پەیوەندیدار

بەشی سێیەمی “Venom” بڵاودەکرێتەوە

ART

داهاتی “Bad Boys: Ride Or Die” لە سینەماکانی جیهاندا

ART

مۆنۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت کرایەوە

ART