zagros news agency

هێرشی دژبەیەکی ڕووسیا و ئۆکراینا لە سەروبەندی کۆبوونەوەی ناتۆدا

تەنها ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، ڕووسیا دووبارە شارەکانی ئۆکراینای کردە ئامانج. ئۆکرایناش بە هێرشکردنە سەر ژێرخانە نەوتی و سەربازییەکانی ڕووسیا، بەردەوامە لە ئۆپراسیۆنەکانی لە قووڵاییی خاکی ئەو وڵاتەدا.
ئۆکراینا بە زیاتر لە ٥٠٠ درۆن هێرشی کردە سەر ٢٠ ناوچەی ڕووسیا. هاوکات ناتۆ خەریکی ئامادەکارییە بۆ بەڵێنی هاوکاریی سەربازیی نوێی چەند ملیار دۆلاری بۆ کیێڤ.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئۆکراینا، لە هێرشەکانی شەوی یەکشەممە و بەرەبەیانی دووشەممە ٦ی تەممووزدا، لانی کەم ١١ کەس کوژراون.
تەیموور تکاچێنکۆ، سەرۆکی فەرمانگەی سەربازیی شاری کیێڤ، لە تێلێگرام ڕایگەیاند لەو هێرشانەدا ٤٦ کەس بریندار بوون کە پێنج منداڵیان لەنێودایە. ناوبراو هۆشداریی دا ئەگەری زیادبوونی قوربانییان هەیە و ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردن بەردەوامە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراینا، پێشتر هۆشداریی دابوو ڤلادیمیر پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیا، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی ناتۆ لە تورکیا، فەرمانی شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانیی قورس دەدات. زێلێنسکی گوتی: «ئەمە لەگەڵ شێوازی پوتین دەگونجێت؛ ئەو دەوێت پێش کۆبوونەوەی ئەنقەرە وێرانکاریی زیاتر بنێتەوە.»
هاوکات هێرشەکانی ئۆکراینا بۆ سەر کەرتی وزەی ڕووسیا توندتر بوونەتەوە. بە گوتەی بەرپرسانی ناوخۆیی، بەندەرەکانی ویسۆتسک و ئۆست-لووگا لە کەناراوەکانی دەریای باڵتیک بەهۆی درۆنەکانی ئۆکرایناوە زیانیان بەرکەوتووە. ئۆست-لووگا یەکێکە لە گرنگترین بەندەرەکانی هەناردەکردنی نەوتی ڕووسیا.
هەروەها میدیاکان باسیان لە هێرش بۆ سەر پاڵاوگەی نەوتی یارۆسلاڤڵ کردووە کە ٧٠٠ کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکرایناوە دوورە. میخائیل یورایڤ، پارێزگاری یارۆسلاڤڵ ڕایگەیاند سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی زیاتر لە ٧٠ درۆنیان خستووەتە خوارەوە.
شاری بەندەریی سەواستۆپۆڵ لە نیمچەدوورگەی کریمە و ناوچەی کالووگا لە باشووری مۆسکۆش کرانە ئامانج. وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند ئۆکراینا بە کۆی گشتی بە زیاتر لە ٥٠٠ درۆن هێرشی کردووەتە سەر ٢٠ ناوچەی جیاواز.
لە بەرانبەردا ڕووسیا دەیان مووشەکی کرووز و بالیستیکی ئاراستەی ئۆکراینا کردووە. لە کیێڤ بینای نیشتەجێبوون خاپوور بوون و ئەگەری هەیە کەسانێک لەژێر داروپەردوودا مابێتنەوە.
زێلێنسکی داوای لە هاوپەیمانەکانی کرد بە بڕیاری بوێرانە پشتگیریی بەرگریی وڵاتەکەی بکەن و گوتی: «هەر دواکەوتنێک لە ناردنی سیستەمی پاتریۆت، بە نرخی گیانی مرۆڤەکان تەواو دەبێت.» بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە زێلێنسکی لە ئەنقەرە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، کۆ ببێتەوە و باسی ڕێگاکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ بکەن. بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی گوتی ترەمپ هەست بە پێویستییەکی بەپەلە دەکات بۆ ڕاگرتنی ئەم جەنگە.

هەواڵی پەیوەندیدار

عێراق ١٣٠ بەندکراوی ڕادەستی ئێران کردەوە

سەڵاح

جامی کاراباو.. مانچستەر سیتی بەردەوامە لە سەرکەوتنەکانی و گەیشتە قۆناغی داهاتوو

یاسین

٥٨ خێزانی دێرەزوور لە کەمپی عەریشای حەسەکە دەردەچن

یاسین