zagros news agency

ئاگرکەوتنەوە لە مەیخانەیەک لە بانکۆک لانی کەم ٢٧ کوژراوی لێ کەوتەوە

بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لە مەیخانەیەک لە بانکۆکی پایتەختی تایلەند، لانی کەم ٢٧ کەس گیانیان لەدەست دا و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دوای نزیکەی نیو سەعات توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
گرتە ڤیدیۆیییە بڵاوکراوەکان لە شوێنی ڕووداوەکە، بڵێسەی گەورەی ئاگر و دووکەڵێکی چڕ نیشان دەدەن لە باڵەخانەی مەیخانەی “نا لادپرائو” لە باکووری بانکۆک بەرز دەبێتەوە. لە وێنەکاندا کەسانێک دەبینرێن هەوڵی هەڵاتن لە باڵەخانەکە دەدەن.
بەرپرسانی تایلەند ڕایانگەیاند هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. بە گوتەی چادچارت سیتیپونت، پارێزگاری بانکۆک، پشکێنەران دۆخی سەقفی باڵەخانەکە و ئەگەری داخرانی دەرچە فریاگوزارییەکان لێک دەدەنەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی ناوخۆیی، ئاگرەکە کەمێک پێش نیوەشەوی یەکشەممە دەستی پێ کردووە. بەیانیی دووشەممە، هێزەکانی پۆلیس و پسپۆڕانی پزیشکی دادوەری بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە لە شوێنەکە ئامادە بوون.
ئانوتین چارنویراکول، سەرۆکوەزیرانی تایلەند، گیانلەدەستدانی ٢٧ کەسی لەو ڕووداوەدا ڕاگەیاند. ئەو لە زاری یەکێک لە ژەنیارانی ناو مەیخانەکە گوتی پێش بڕانی کارەبا، دووکەڵ لە سندووقی دابەشکردنی کارەبای نزیک سەکۆکە بینراوە و پاشان دەنگی تەقینەوە بیستراوە. بە گوتەی ئەو، زۆربەی قوربانییەکان لە تەوالێتەکانی کۆتاییی مەیخانەکەدا دۆزراونەتەوە.
بەرپرسانی بانکۆک هەروەها ڕایانگەیاند ٦٣ کەس بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە و دۆخی تەندروستیی ٢٢ کەسیان ناجێگیرە. پرۆسەی ناسینەوەی قوربانییەکانیش بەردەوامە، چونکە زۆرێک لەو کەسانە ناسنامەیان پێ نەبووە یان بێهۆش بوون.
گۆرانیبێژێکی ناوخۆیی کە لە نزیک شوێنی ڕووداوەکە بەرنامەی هەبووە، گوتی چەند ئەندامێکی گرووپە مۆسیقاکەی لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا لەو مەیخانەیەدا بوون؛ یەکێکیان گیانی لەدەست داوە، سێ کەسیان لە نەخۆشخانە خەوێنراون و هێشتا چارەنووسی کەسێکی دیکەشیان دیار نییە.
ئەم ڕووداوە جارێکی دیکە نیگەرانییەکانی لەبارەی سەلامەتیی شوێنە گشتییەکان لە تایلەند زیاد کردەوە. ساڵی ٢٠٢٢یش ئاگرکەوتنەوە لە کافێیەکی مۆسیقا لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ١٤ کوژراوی لێ کەوتەوە و ساڵی ٢٠٠٩ش ئاگرکەوتنەوەی شەوی سەری ساڵ لە یانەی شەوانەی سانتیکا لە بانکۆک، بووە هۆی کوژرانی ٦٦ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ٢٠٠ کەسی دیکە.

هەواڵی پەیوەندیدار

جۆدی فۆستەر: ڕۆبەرت دی نیرۆ بێزارکەرترین کەس بوو

ART

ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ى سوودانى سه‌رپه‌رشتى كرد له‌گه‌ڵ توركیا بۆ به‌ردانه‌وه‌ى ئاو، جێبه‌جێ ناكرێت

سەڵاح

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر

یاسین