پاش کوژران و برینداربوونی چەند هاووڵاتییەکی لە هێرشەکانی ئەمدواییەی سەر گەرووی هورمز، وەزارەتی دەرەوەی هیندستان بە فەرمی جێگری باڵیۆزی ئێرانی لە نیودەلهی بانگهێشت کرد و یاداشتێکی ناڕەزایەتی توندی ڕادەست کرد.
تەلەفزیۆنی **”ئێن دی تی ڤی” (NDTV)**ی هیندی بڵاوی کردەوە، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە محەمەد جاوید حوسێنی، جێگری باڵیۆزی ئێرانی لە نیودەلهی بانگهێشت کردووە. ئەم هەنگاوە وەک کاردانەوەیەکی توند دێت بەرامبەر بەو هێرشەی کە کرایە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگری ئیماراتی لە گەرووی هورمزدا.
بەپێی زانیارییەکان، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، ١ هاووڵاتی هیندی گیانی لەدەستداوە، ٨ کەس بریندار بوون، کە ٦ لە بریندارەکان هەڵگری ڕەگەزنامەی هیندین.
ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە کە هیندستان هێرشە بەردەوامەکانی سەر ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی دەریاوانی و بازرگانی جیهانی دەزانێت، و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەو جۆرە جووڵە سەربازییانە لە ناوچەکەدا دەکات.

