zagros news agency

‎بەڕێوەبەرایەتی ترەمپ ڕەتی کردووەتەوە ئیسرائیل بەشداری شەڕی دژی ئێران بکات

بەپێی راپۆرتەکان، بەرپرسیەکی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە کە تەلەئەبیب خۆی بۆ ئەگەری هێرشی ئێران ئامادە دەکات، نەک تەنها بە مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، بەڵکو هەروەها لە ڕێگەی چالاککردنی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە.

ئەو بەرپرسە وتوویە، ئیسرائیل لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە دۆخی ئامادەباشیدایە، تایبەت دوای کۆتایی هاتنی یادداشتی تێگەیشتن لەنێوان ئەمریکا و ئێران.

بەپێی راپۆرتە ئیسرائیلییەکان، تەلەئەبیب داوای لە واشینگتۆن کردووە بەشداری هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بکات، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک دۆنالد ترەمپ ئەو داواکارییەی ڕەت کردووەتەوە.

هەمان بەرپرس ئاماژەی بەوە دا کە ئەگەر ئێران ڕاستەوخۆ ئامانجی ئیسرائیل بکات، زۆر ئەگەری هەیە ئیسرائیل بە شێوەی ڕاستەوخۆ بچێتە ناو شەڕەکە.

لە هەمان کاتدا، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە هێرشێکی ئاسمانی نوێی ئەنجام داوە وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئێران دژی هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردون، کە بەپێی ڕاگەیەنراوەکان بوونە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی.

لە ڕاگەیەنراوی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) هاتووە کە ئامانجی ئەو هێرشانە کەمکردنەوەی توانای ئێرانە بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتیوانی بازرگانی لە کەنداوی هۆرمز، هەروەها وەڵامدانەوەی هێزەکانی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بەهۆی هێرشەکانیان دژی سەربازانی ئەمریکا لە ئوردون.

سێنتکۆم هەروەها ڕایگەیاند کە ئەو هێرشانە هەشتەمین شەپۆلی بەردەوامی هێرشەکان بوون و ئامانجیان بنکەکانی چاودێری کەناری و سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی سەربازی ئێران بووە.

لە بەرامبەردا، ئێران ڕۆژی شەممە هێرشەکانی خۆی بۆسەر هەندێک وڵاتی کەنداوی عەرەبی و ئوردون بەردەوام کرد. هەروەها موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، لە پەیامێکی نووسراودا هەڕەشەی کرد کە «وانەیەکی لەبیرنەکراو» بە ئەمریکا دەدات و وتی واژۆی سەرۆک ترەمپ «هیچ نرخ و بەهایەکی نییە».

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

یاسین

ڕاگه‌یه‌ندراوێك له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌وكردنی جگه‌ر

سەڵاح

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى ده‌كات

یاسین