ئەمریکا هەمیشە شانازی بە هێزی سەربازیی خۆی دەکات، بەڵام لانی کەم لە بوارێکدا، ئۆکراینا بە جیاوازییەکی زۆر لە ئەمریکا پێش کەوتووە. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم دۆخە، یاسا توندەکانی ئەمریکایە سەبارەت بەو پارچانەی لە درۆنە سەربازییەکاندا بەکار دێن.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی فەرمی، سوپای ئەمریکا لە بواری دروستکردنی توانای هێڵی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی درۆندا، زۆر لە ئۆکراینا دوا کەوتووە. تراڤیس مێتز، بەرپرسی بەرنامەی درۆن لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، گوتی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئێستا لە سەختترین قۆناغی سەرەتای ئەم ڕێگەیە دایە.
لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ئۆکراینا ئەمساڵ شەش بۆ حەوت ملیۆن درۆنی هێرشبەری بچووک بەرهەم بهێنێت، بەرنامە یەک ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلارییەکەی ئەمریکا تا مانگی شوبات، بە گشتی تەنها داوای نزیکەی ٢٠٠ هەزار درۆنی کردووە. مێتز ڕوونی کردەوە گەیشتن لە سفرەوە بۆ ٢٠٠ هەزار، زۆر سەختترە لە فراوانکردنی بەرهەمهێنان لە قۆناغەکانی دواتردا. ئەم بەرپرسەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا گوتی یاسا نوێیەکانی پێنتاگۆنیش پرۆسەی گەشەپێدانی ئەم توانایەی سەختتر کردووە.
بەپێی ئەم یاسایانە، دەبێت لە داهاتوودا درۆنە سەربازییەکان بە تەواوی لە پارچەی دروستکراوی ئەمریکا بەرهەم بهێنرێن. بە گوتەی ئەو، تا ئێستا زۆربەی درۆنە کڕدراوەکان، پێدەچێت بزوێنەری دروستکراوی چینییان تێدا بەکار هاتبێت. بەڵام لە تاقیکردنەوەکانی مانگی ئابدا، بەکارهێنانی پارچەکانی وەک بزوێنەر یان پاتریی دروستکراوی چین بە تەواوی قەدەغە دەبێت. شەش کۆمپانیای ئۆکراینی بەشدار لە تاقیکردنەوەکانی ویلایەتی کۆلۆرادۆ، ناچارن بەرهەمهێنانی خۆیان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان بگوازنەوە وەک مەرجێک بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو. ئەم کۆمپانیایانە بۆ ئەم مەبەستە یان پێشتر لەگەڵ بەرهەمهێنەرە ئەمریکییەکان کۆمپانیای هاوبەشیان دامەزراندووە یان سەرقاڵی ئامادەکاریی وەها کارێکن.
مێتز وێڕای دەربڕینی دڵنیایی لەوەی ئەمریکا لە کۆتاییدا دەگاتە پیشەسازیی درۆنی ئۆکراینا، گوتی: «هیچ هۆکارێک نابینم ئێمەش لەم بوارەدا نەبینە پاڵەوانی جیهان.»
بە تێپەڕبوونی نزیکەی چوار ساڵ و نیو بەسەر دەستپێکی هێرشی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، هێشتا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ کۆتاییهاتنی شەڕەکە نییە. هەردوو لا لە هەفتەکانی ڕابردوودا هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر یەکتر چڕ کردووەتەوە. سوپای ئۆکراینا بە شێوەیەکی بەرفراوان هێرش دەکاتە سەر قووڵایی خاکی ڕووسیا. کیێڤ هیوادارە بەم هێرشانە، مۆسکۆ جارێکی دیکە ناچار بە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان بکات.

