zagros news agency

درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی لایپزیگی ئەڵمانیا دۆزرایەوە

 

دوای بینینی درۆنێک لە شەوی ڕابردوودا لە فڕۆکەخانەی لایپزیگ، گەشتە ئاسمانییەکان لەم فڕۆکەخانەیە بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیران. بەپێی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکانی سێ دەزگای ڕاگەیاندنی ئەڵمانی، ئەو تەنە گوماناوییەی بووە هۆی پەککەوتنی گەشتەکان، درۆنێکی دەستکاریکراو بووە. تۆڕەکانی NDR و WDR و ڕۆژنامەی زوددویچە بڵاویان کردەوە کارمەندانی فڕۆکەخانەی لایپزیگ درۆنێکیان دۆزیوەتەوە لە نزیک فڕۆکەیەکی گواستنەوەی جۆری “ئەنتۆنۆف”ی دروستکراوی ئۆکراینا دانرابوو. بەپێی ڕاپۆرتێکی نهێنیی پۆلیس، “ماددەیەکی نەناسراو” بەم درۆنەوە بەسترابوو کە گومان دەکرێت ماددەی تەقەمەنی بێت. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە لە ناو ئەم ماددەیەدا “چاشنییەک” یان داگیرسێنەرێک هەبووە.

وتەبێژێکی ناتۆ گوتی ئەم درۆنە لە نزیک فڕۆکەیەکی ئۆکراینی بینراوە، کە پێشتر ڕۆژنامەی “بیڵد”یش ئاماژەی پێ کردبوو. سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن درۆنەکە بە ئامێری تیشکی ئێکس پشکنینی بۆ کراوە و پۆلیس ئەم ڕووداوەی وەک “ڕووداوێکی ئەمنیی مەترسیدار” وەسف کردووە. تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی بە هاوکاریی ڕۆبۆتێکی تایبەت، درۆنەکەیان بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو تەقاندەوە. بەرپرسان دەڵێن لە ئێستادا هیچ مەترسییەکی دەستبەجێ لە ئارادا نییە. پۆلیسی لایپزیگ بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، پێنجی ئاب، ڕایگەیاند بەهۆی ئەم ڕووداوەوە چەندین فڕۆکەی نەفەرهەڵگر بۆ فڕۆکەخانەکانی تر ئاراستە کران.

بەشی باکووری فڕۆکەخانە چالاکییەکانی دەست پێ کردووەتەوە، بەڵام باندە باشوورییەکە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر بە داخراوی ماوەتەوە. هاوکات لەگەڵ دۆزینەوەی ئەم درۆنە، ڕووداوێکی تریش ڕووی دا. فڕۆکەیەکی بارهەڵگر کە بەهۆی داخرانی فڕۆکەخانەوە نەیتوانیبوو بنیشێتەوە، لە بەرزیی چەند سەد مەترێکدا لەگەڵ تەنێکی نەناسراو پێکدا هەڵپڕژا. پۆلیسی ئەڵمانیا دوای نیشتنەوەی ئەم فڕۆکەیە لە هانۆڤەر، زیانی کەمیان لە بەشی پێشەوەی فڕۆکەکەدا تۆمار کردووە. پۆلیسی ویلایەتی نیدرزاکسن ئەم دۆسیەیە وەک تاوانێکی ئەگەری دژی ئاسایشی وڵات لێک دەداتەوە. تۆبیاس مایر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای “دی‌ئێچ‌ئێڵ” گوتی لێکۆڵینەوەکان دەبێت ڕوونی بکەنەوە چی لەم فڕۆکەخانەیەدا ڕووی داوە، کە ناوەندێکی سەرەکیی کارەکانی ئەوانە.

فڕۆکەخانەی لایپزیگ ناوەندێکی گرنگی گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازییە بۆ ئۆکراینا. دوو ساڵ پێشتریش پاکێجێک لە ناوەندی لۆجستیی “دی‌ئێچ‌ئێڵ”دا ئاگری گرت کە بڕیار بوو بۆ بەریتانیا بنێردرێت. لێکۆڵینەوەکان دەریانخست ئەو ڕووداوە بەشێک بووە لە ئۆپراسیۆنێکی ڕێکخراوی دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕووسیا. ئێستا پێنج کەس لە لیتوانیا بە تۆمەتی ئەندامێتی لەم تۆڕە تێکدەرە دادگایی دەکرێن. لە کاتی دەستپێکردنی جەنگی ڕووسیا دژی ئۆکراینا، بینینی درۆن و سیخوڕی لەسەر ژێرخانە گرنگەکانی ئەڵمانیا زیادی کردووە. تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٤٥ حاڵەتی تێکدانی گەشتەکان بەهۆی درۆنی بێ مۆڵەتەوە تۆمار کراون. پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان گومان دەکەن ئەم کارانە لەلایەن دەزگا سیخوڕییەکانی ڕووسیاوە ئاراستە بکرێن بۆ تێکدانی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەڵمانیا بۆ ئۆکراینا.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران

سەڵاح

ڕیاڵ مەدرید پێکانی ئەستێرەیەکی ڕاگەیاند

یاسین

ترەمپ: ئێران ڕازی بووە بە پشکنینە ئەتۆمیەکان

یاسین