zagros news agency

پاکستان بە بووژانەوەی دانوستاندنەکان دوای سەردانی عاسم مونیر بۆ تاران گەشبینە

نێوبژیوانانی پاکستانی ڕۆژی سێشەممە ٣ی خەرمانان (٢٥ی ئاب) ڕایانگەیاند دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان بۆ تاران، لە وتووێژەکانی نوێکردنەوەی ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئەمریکا و ئێراندا “پێشکەوتنی بەرچاو” بەدەست هاتووە.
مۆحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان لەم سەردانەدا یاوەری عاسم مونیر بوو، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، دیداری لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە “زۆر ئەرێنی و بنیاتنەر” وەسف کرد. نەقەوی هیوای خواست بەردەوامیی ئەم ڕەوتە ڕێگە بۆ پێشکەوتنی زیاتر و چەسپاندنی ئاشتیی بەردەوام لە ناوچەکەدا خۆش بکات.
سوپای پاکستان لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی ئەم سەردانە بە ئامانجی “ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان، کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە شەڕ” ئەنجام دراوە. عاسم مونیر پێش سەردانەکەی بۆ تاران، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکاش وتووێژی کردبوو.
ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەکانەوە ڕایگەیاند ئەم دیدارانە لە کاتێکدا ئەنجام دراون هەردوو لا، واشنتن و تاران، ئامادەییی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن دەربڕیوە. فەرماندەی سوپای پاکستان لە سەردانەکەیدا بۆ ئێران لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، موحسین ڕەزایی، محەممەدباقر قالیباف و عەباس عێراقچی کۆ بووەوە.
ئەمریکا و ئێران لە نێوەڕاستی مانگی حوزەیراندا لەسەر چوارچێوەیەک بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان گەیشتبوونە ڕێککەوتن. بڕیار بوو ئەم ڕێککەوتنە لە ڕێگەی دانوستاندنی ٦٠ ڕۆژەوە ببێتە هۆی ڕاگەیاندنی ئاگربەست، کردنەوەی گەرووی هورمز و گەیشتن بە ئاشتییەکی درێژخایەن، بەڵام هەردوولا یەکتریان بە پێشێلکردنی تۆمەتبار کرد و پێکدادانە سەربازییەکان دەستیان پێ کردەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە پارێزگای دیالە ژمارەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن زیادی کردووە

سەڵاح

ئەمریکا سێ درۆنی گروپە چەکدارەکانی خستە خوارەوە

یاسین

پەیامێک لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

سەڵاح