zagros news agency

ئەڵمانیا ٦.٨ ملیۆن یۆرۆ هاوکاری پێشکەشی سندووقی مرۆییی ئەفغانستان دەکات

حکوومەتی ئەڵمانیا بڕی ٦.٨ ملیۆن یۆرۆ (هاوتای ٧.٩٦ ملیۆن دۆلار)ی وەک هاوکاری پێشکەشی «سندووقی مرۆییی ئەفغانستان» سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
نووسینگەی هەماهەنگیی کاروباری مرۆییی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان (ئۆچا) ڕایگەیاند ئەم هاوکارییە لە کاتێکدا پێشکەش کراوە دامەزراوە مرۆیییەکان لە ئەفغانستاندا ڕووبەڕووی کەمیی توندی بودجە بوونەتەوە. ئۆچا ڕۆژی دووشەممە ٢ی خەرمانان سوپاسی ئەڵمانیای لە بەرانبەر ئەم هاوکارییەدا کرد و گوتی: «ئەم بودجەیە هاوکار دەبێت لە بەردەوامیی پێشکەشکردنی هاوکاریی ڕزگارکەر بۆ ئەو کەسانەی لە سەرانسەری ئەفغانستاندا بەهۆی قەیرانەکانەوە زیانیان پێ گەیشتووە.»
بەرنامەی پێداویستییەکان و سندووقی مرۆییی ئەفغانستان بۆ ساڵی ٢٠٢٦ پێویستی بە ١.٧١ ملیار دۆلار بودجەیە، بەڵام تا ئێستا تەنها نزیکەی لەسەدا ١٥ی بودجەی پێویست دابین کراوە و نزیکەی لەسەدا ٨٥ی پێداویستییە دارایییەکان بەبێ دابینکردنی بودجە ماونەتەوە.
بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ٢٠٢٦دا نزیکەی ٢١.٩ ملیۆن کەس لە ئەفغانستاندا پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی دەبێت لە بوارەکانی خۆراک، خزمەتگوزاریی تەندروستی، خۆراکپێدان، ئاو، پەناگە و پاراستنی کەسانی زیانلێکەوتوودا.
سندووقی مرۆییی ئەفغانستان لە لایەن ئۆچاوە بەڕێوە دەبرێت و میکانیزمێکی هاوبەشی دابینکردنی دارایییە بە مەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاریی خێرا و ستراتیژی بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییە مرۆیییەکان لەم وڵاتەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی

یاسین

نەیشینزلیگ.. خشتەی یارییەکانی ئەمڕۆ هەینی

یاسین

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا دەکات

دڵشاد