zagros news agency

کاتی نانخواردنی بەیانی و ئێوارە کاریگەری لەسەر درێژیی تەمەن دادەنێت

 

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کاتی نانخواردنی بەیانی و ئێوارە پێوەندیی بە تەمەندرێژی و مەترسیی مردنەوە هەیە. توێژینەوەیەک لە کۆتاییی مانگی تەمووزدا لە «گۆڤاری ئەورووپیی خۆراکی کلینیکی»دا بڵاو کراوەتەوە، تیشکی خستووەتە سەر بابەتێکی جیاواز: کاتی خواردنی ژەمەکان. بە گوێرەی ئەم توێژینەوەیە، کاتی خواردنی یەکەم و دوا ژەمی ڕۆژ کاریگەری لەسەر هیوای ژیان دادەنێت.
ئەم لێکۆڵینەوەیە خووی خۆراکیی زیاتر لە ٣٠ هەزار کەسی پێگەیشتووی ئەمریکیی تەمەن ٤٠ ساڵ و بەرەو سەرەوەی لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩ بۆ ٢٠١٨ تاوتوێ کردووە. لە ماوەی بەدواداچوونی نزیکەی ٩ ساڵەدا، زیاتر لە ٧ هەزار حاڵەتی مردن تۆمار کران؛ نزیکەی یەک لەسەر سێیان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنەوە بوو.
ئەو کەسانەی یەکەم ژەمی خۆراکیان لە نێوان کاتژمێر ٨ تا ١٠ی بەیانیدا دەخۆن، لە بەرانبەر ئەوانەی لە نێوان کاتژمێر ٧ تا ٨دا نانی بەیانی دەخۆن، بە ڕێژەی لەسەدا ١٠ زیاتر ڕووبەڕووی مەترسیی مردن دەبنەوە. ئەم مەترسییە لە کاتی خواردنی یەکەم ژەم لە نێوان کاتژمێر ١٠ی بەیانی بۆ ١٢ی نیوەڕۆدا، بۆ نزیکەی لەسەدا ٢٠ بەرز دەبێتەوە. هەروەها ئەو کەسانەی یەکەم ژەم یان سووکەخۆراکی خۆیان لە دوای نیوەڕۆدا دەخۆن، بە ڕێژەی لەسەدا ٢٩ زیاتر لە مەترسیی مردندان. لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا، هیوای ژیان لەو کەسانەدا زۆر درەنگ دەست بە نانخواردن دەکەن، بە تێکڕا نزیکەی دوو ساڵ و نیو کەمترە لە کەسانی دیکە.
بە گوێرەی توێژینەوەکە، ئەو کەسانەی نانی ئێوارە پێش کاتژمێر ٧ دەخۆن، لە بەرانبەر ئەوانەی لە نێوان ٧ تا ٨ی شەودا نان دەخۆن، بە ڕێژەی لەسەدا ١٣ زیاتر ڕووبەڕووی مەترسیی مردن دەبنەوە. لە بەرانبەردا ئەگەر دوا ژەمی خۆراک دوای نیوەشەو بخورێت، ئەم مەترسییە دەگاتە لەسەدا ٢٧.
ژیلی شان، مامۆستای زانکۆی زانست و تەکنۆلۆژیای هواجۆنگ لە چین و یەکێک لە نووسەرانی ئەم توێژینەوەیە گوتی: «کاتی خواردنی ژەمەکان یەکێکە لە گرنگترین نیشانەکان بۆ ڕێکخستنی کاتژمێری بایۆلۆجیی لەش. درەنگ خواردنی یەکەم ژەم یان نانخواردن لە کاتە درەنگەکانی شەودا دەبێتە هۆی تێکچوونی ڕیتمی شەو و ڕۆژی لەش و سەر هەڵدانی کێشەی زیندەچالاکی.»
هاوکات توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە ئەم توێژینەوەیە تەنها پێوەندییەکی ئاماری دەسەلمێنێت، نەک ئەوەی دواخستنی ژەمەکان هۆکاری ڕاستەوخۆی کەمبوونەوەی تەمەن بێت؛ چونکە هۆکارگەلی وەک تێکچوونی خەو، کاری شەوانە و بارودۆخی ئابووریش دەکرێت لەم جیاوازییەدا ڕۆڵیان هەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

دوو تۆمەتبار دەستگیركران

سەڵاح

دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی مرۆیی پێشکەشی کۆمەڵێک خێزانی کەرکووک کرد

سەڵاح

ئەردۆغان: له‌ هه‌ولێر گفتوگۆ له‌سه‌ر كێشه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌نددا ده‌كه‌ین

سەڵاح