zagros news agency

ئیسماعیل بەقایی: گوشارەکانی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر پەیوەندیییەکانی ئێران و عێراق نابێت

 

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، گوشارەکانی ئەمریکا کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان گەلی عێراق و گەلی ئێران نابێت.

بەقایی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە ئاژانسی شەفەق نیوز چاودێرییکرد، داوای لە ئەمریکا کرد پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانی بەرامبەر تاران بکات. هەروەها جەختیکردەوە، شەڕ، گەمارۆی دەریایی و گەمارۆ ئابوورییە سەپێنراوەکانی سەر وڵاتەکەی، نایاسایی و نالۆژیکین.

ئەم لێدوانانەی بەقایی لە کاتێکدان، عێراق دەروازەی سنووریی شەیبی لەگەڵ ئێران داخستووە. لەبارەی هۆکاری داخستنەکەشەوە دوو گێڕانەوە هەن، یەکێکیان باس لە گوشارەکانی ئەمریکا دەکات و ئەوی دیکەشیان هۆکارەکە بۆ رێکاری لۆجستیی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی دەگەڕێنێتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گومانی لە لۆژیکی داواکارییەکانی ئەمریکا کرد لە سایەی سەپاندنی گەمارۆی دەریایی و ئابووری بەسەر وڵاتەکەیدا. روونیکردەوە، پێشنیازەکەی ئێران هێشتا لە ئارادایە و بە لۆژیکیترین پێشنیاز لەنێو پێشنیازە خراوەڕووەکاندا دەزانرێت، کە دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ قۆناخێکی داهاتوو.

بەقایی هەندێک لایەنی تۆمەتبارکرد بەوەی هەوڵ دەدەن پاساو بۆ شەڕی دژی ئێران بهێننەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکادا تووشی شکست بوون.

هەروەها روونیکردەوە، دانپێدانانەکانی ئەمریکا بەوەی شەڕی دژی ئێران هۆکارێک بووە بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی نیوەی خول، پێویستە هاوکات بێت لەگەڵ تێگەیشتن لە پەیامی گەلی ئەو وڵاتە. گوتی، تاران رووبەڕووی دەستدرێژیی هەردوو پارتی سیاسیی ئەمریکا بووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە دوێنێ یەکشەممە، سەعید جەلیلی، نوێنەری رێبەری ئێران لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، رەخنەی لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بەغدا گرت.

جەلیلی گوتی: “واشنتن بە بیانووی رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێن چووەتە عێراق، بەڵام هێشتا داوا دەکات داهاتی نەوتی عێراق سەرەتا بخرێتە خەزێنەی ئەمریکاوە، بۆ ئەوەی دیاری بکات چی رێگەی پێ دەدرێت عێراق بەکاری بهێنێت.”

هەواڵی پەیوەندیدار

وزیری نێوخۆی ئێران بۆ دانانی پارێزگای نوێ چووە شاری سنەی رۆژ‌هەڵات

سەڵاح

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی زانایانی ئایینی بە سەرۆكایەتیی سەماحەتی شێخ ئەحمەد عەبدولرەزاق ئەلسەعدی دەكات

یاسین

ڕاگەینراوێک لە نووسینگەی پارێزگاری هەولێرەوە، سەبارەت بە ڕۆژانى جەژن

سەڵاح