شەڕ لەگەڵ ئێران، جیا لە لایەنە سەربازی و ئەمنییەکان، تێچووی قورسی بەسەر ئابووریی ناوچەکەدا سەپاندووە؛ تێچووەک کە کاریگەرییەکانی دەکرێت تا چەندین ساڵ دوای کۆتاییهاتنی پێکدادانەکان بەردەوام ببن، لەوانەش خەمڵاندنی زیانەکانی کەنداو بە ٧٩٠ ملیار دۆلار.
لێکۆڵینەوەیەکی کۆمپانیای بیمەی قەرزی بازرگانی «ئالیانتس ترید» دەریدەخات کە زیانە ئابوورییەکانی وڵاتانی کەنداو بەهۆی شەڕەوە دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ بگاتە نزیکەی ٧٩٠ ملیار دۆلار.
زیانە فیزیکییەکان بۆ سەر وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو لە ٢٠٠ ملیار دۆلار تێپەڕیوە، بە جۆرێک کە زیاتر لە ٨٠ دامەزراوەی وزە کراونەتە ئامانج و نزیکەی یەک لەسەر سێیان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە؛ کوەیت، قەتەر و بەحرەین بەهۆی پشتبەستنی زیاتر بە گەرووی هورمز لە زەرەرمەندترین ئابوورییەکانی ناوچەکە بوون.
پێشبینی دەکرێت ئابووریی وڵاتانی کەنداو لە ساڵی ٢٠٢٦دا تووشی کزی ببێت و دەوڵەتانی ناوچەکە ناچار ببن پێشینە ئابوورییەکانیان پێداچوونەوە پێدا بکەن.
لە لایەکی ترەوە، تێچووەکانی شەڕ بۆتە بابەتی گەرم لە سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکادا، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە ئەو وڵاتانەی ئەمریکا پارێزگاریی لێ کردوون دەبێت تەواوی تێچووه سەربازییەکان قەرەبوو بکەنەوه و ئیسرائیلیشی لەو ڕیزبەندییەدا ناوهێناوە.
تێچووی سەربازیی شەڕ بۆ ئەمریکا تا ناوەڕاستی تشرینی یەکەم گەیشتووەتە ٤٧٫١ ملیار دۆلار، بەبێ هەژمارکردنی تێچووی نۆژەنکردنەوەی بنکە سەربازییەکان.
هەڵوێستی ترەمپ لە کاتێکدایە کە هیچ بڕە پارەیەکی دیاریکراو یان رێککەوتنی فەرمی بۆ ستاندنەوەی ئەم تێچووه لە ئیسرائیل یان وڵاتانی کەنداو ڕێکنەخراوە و شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەم لێدوانانە پەیامێکی سیاسین بۆ وەڵامدانەوەی ڕەخنە ناوخۆییەکان.
euronews

