سەرۆکەکانی چین و ڕووسیا لە شێنژێن کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەکان کردەوە، یەک ڕۆژ بەر لە کۆبوونەوەی سێقۆڵییان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا.
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، و شی جینپینگ، سەرۆکی چین، ڕۆژی سێشەممە لە شێنژێنی چین کۆبوونەوە، تەنها یەک ڕۆژ بەر لە کۆبوونەوەی سێقۆڵیی هەردوو سەرۆک لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لووتکەی ئاپێک گەیشتووەتە شێنژێن.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی چین، شی جینپینگ لە دیدارەکەیدا لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین داوای بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کرد. پەکین هەروەها وتووێژی نێوان هەردوو سەرکردەی وەک “ئالوگۆڕی بیروڕای قووڵ” لەبارەی ئاشتیی جیهانییەوە وەسف کرد.
شی جینپینگ گوتی: “بە ڕێنمایی قایمی بەڕێز سەرۆک و خۆم، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات وەک کێو جێگیر ماوە و خۆی بەدەست با و بارانەوە نەداوە. ئەم پەیوەندییانە، بە پاراستنی دیدگای درێژخایەن، سەقامگیری و متمانەیەکی زیاتریان بۆ جیهانێک دابین کردووە کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاڵۆزتر دەبێت و بە خێرایی لە گۆڕاندایە. ئەمە نموونەیەکی نوێی پەیوەندیی زلهێزەکانە لەسەر بنەمای یەکسانی، ڕێزگرتنی دوولایەنە و هاوکاریی سوودبەخش بۆ هەردوولا.”

