بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ زاگرۆس رایگەیاند ، گەشتی هەولێر و دیمەشق فراوان کرا، لە هەفتەیەکدا ٣ گەشت دەکرێت. پێشتر تەنیا یەک کۆمپانیای فڕۆکەوانی گەشتی لە نێوان هەولێر و دیمەشقدا هەبوو،
بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات گەشتەکانی هەولێر و سووریا فراوان کراون و کۆمپانیایەکی دیکەی بواری فڕۆکەوانی گەشتەکانی بۆ سووریا زیاتر کرد.
ئەحمەد هۆشیار بۆ ئاژانسی زاگرۆس گوتی: “جگە لە کۆمپانیایەکی دیکە کە گەشتی بۆ هەولێر و دیمەشق هەیە، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی ‘فلای ئەربیل’ ڕایگەیاند کە لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦ـەوە یەکەم گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان هەولێر و دیمەشق بەڕێ دەخات و هەفتانە سێ گەشت ئەنجام دەدات؛ بەمەش دەبێتە یەکەم کۆمپانیای کوردی و عێراقی کە گەشتی ڕاستەوخۆ بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام بدات.”
ئەوەشی خستە ڕوو: ئەم هەنگاوە گەشتی ئاسمانیی نێوان هەردوو وڵات فراوانتر دەکات بۆ دابینکردنی بژاردەی گەشتیاریی زیاتر و فرەیی گەشتیاران، ئەمە لە کاتێکدایە ئێستا گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان هەولێر و دیمەشق لەلایەن فلای شامەوە دەکرێت و هەفتانە سێ گەشتی هەیە.

