zagros news agency

ژمارەی قوربانیانی ژەهراوییبوونی ئەلکهولی لە ئێران گەیشتە ٢٠ کەس

وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند ژمارەی گیانلەدەستدانی شەپۆلی نوێی ژەهراوییبوون بەهۆی خواردنەوەی ئەلکهولی دەستکرد لە وڵاتدا گەیشتووەتە ٢٠ کەس و ٣٥٦ حاڵەتی ژەهراوییبوونیش تۆمار کراوە.

وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند ژمارەی گیانلەدەستدانی شەپۆلی نوێی ژەهراوییبوون بەهۆی خواردنەوەی ئەلکهولی دەستکرد لە وڵاتدا گەیشتووەتە ٢٠ کەس و ٣٥٦ حاڵەتی ژەهراوییبوونیش تۆمار کراوە. سەجاد ڕەزەوی، جێگری چارەسەری وەزارەتی تەندروستی، ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی سەرماوەز، بە ڕاگەیاندنی ئاماری کۆکراوەی حاڵەتەکانی ژەهراوییبوون لە ١٠ی خەزەڵوەرەوە تا بەیانیی ڕۆژی سێشەممە گوتی: “لەو ماوەیەدا ٣٥٦ حاڵەتی ژەهراوییبوون لە وڵاتدا تۆمار کراوە کە لەم ژمارەیە ١٨٧ کەس خەوێنراون؛ ١٤٢ کەس ڕەوانە کراون و ٢٠ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.”

بە گوتەی ئەم بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی، لە کۆی گشتیی ژەهراوییبووەکان، ٨٠ کەس بەهۆی زیانە جددییەکانی گورچیلە لە ژێر دیالیزدان یان خزمەتگوزاریی دیالیز وەردەگرن؛ ١٦ کەس تووشی لێڵبوونی بینین بوون و ٣٣ کەسیش لە بەشی چاودێریی چڕ (ICU) خەوێنراون. بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی وەزارەتی تەندروستی، نەیشابوور لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی بە ٢١١ حاڵەتی ژەهراوییبوون زۆرترین ئاماری لە وڵاتدا هەیە. دوای نەیشابوور، شارەکانی شیراز بە ٦٦ حاڵەت، پارێزگای هورمزگان بە ٣٧ حاڵەت، پارێزگای ئەلبورز بە ١٩ حاڵەت، خوی بە ٨ حاڵەت، مەشهەد بە ٧ حاڵەت، زەنجان و خەڵخاڵ هەر یەکەیان بە ٣ حاڵەت و زابوڵ بە ٢ حاڵەت لە پلەکانی دواتردا دێن.
جێگری چارەسەری وەزارەتی تەندروستی تێکڕای تەمەنی ژەهراوییبووەکانی بە “نزیکەی ٣٠ ساڵ” ڕاگەیاند و گوتی کە لە نێو ژەهراوییبووەکاندا، ژمارەیەک هەرزەکاری خوار ١٨ ساڵیش دەبینرێن و کەمترین تەمەنی تۆمارکراو لەم شەپۆلی ژەهراوییبوونەدا ١٢ ساڵ بووە.
ئەم ئامارە نوێیە لە کاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە پێشتر ڕاپۆرتە پارێزگاییەکان ئاماژەیان بە زیادبوونی توندی سەردانکەران بە نیشانەکانی ژەهراوییبوون بەهۆی مێتانۆڵ (ئەلکهولی پیشەسازی) لە پارێزگاکانی خۆراسانی ڕەزەوی، فارس و هورمزگان دابوو. لە ڕاپۆرتەکانی پێشووی زانکۆکانی زانستە پزیشکییەکانی ئەم پارێزگایانەدا، هەواڵی تۆمارکردنی چەندین حاڵەتی “مردنی مێشک” لە نەیشابوور و پێویستیی “دەیان نەخۆش بە دیالیز” لە هورمزگان و فارس ڕاگەیەندرابوو.

پزیشکان و بەرپرسانی چارەسەری هۆشداری دەدەن کە نیشانە سەرەتاییەکانی ژەهراوییبوون بە مێتانۆڵ ڕەنگە لە ١٢ تا ٢٤ کاتژمێری یەکەمدا سووک بن یان دەرنەکەون، بەڵام دوای ئەوە بە خێرایی پێشدەکەون و دەبنە هۆی سستبوونی توندی گورچیلە، زیان گەیاندن بە دەماری بینایی، کوێربوونی هەمیشەیی، کۆما و تەنانەت مردن. قەدەغەکردنی بەرهەمهێنان، دابەشکردن و بەکارهێنانی خواردنەوە ئەلکهولییەکان لە ئێران دوای شۆڕشی ١٣٥٧ بووەتە هۆی دروستبوونی بازاڕێکی ژێرزەمینی و بێ چاودێریی بەرهەمهێنانی ئەلکهولی دەستکرد؛ بازاڕێک کە تێیدا بەکارهێنانی مێتانۆڵی هەرزان لە جیاتی ئیثانۆڵ یان نەبوونی چاودێریی تەندروستی، هەندێک جار دەبێتە هۆی شەپۆلی کوشندەی ژەهراوییبوون لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا. یاسای سزادانی ئیسلامیی حکوومەتی ئێران، بۆ بەرهەمهێنان، کڕین و فرۆشتن و قاچاخچێتیی ئەم خواردنەوانە، سزای وەک زیندانیکردن، غەرامەی نەقدی و لێدان بە قامچی لەبەرچاو گرتووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بایدن: شومەر وتارێکی باشی داوە کە دەڵێت نەتانیاهۆ بووەتە بەربەست لەسەر ئاشتی

سەڵاح

تورکیا دەیان ڕۆژنامەنووسی زیندانی کردووە

یاسین

ئاژانسی زاگرۆس: زیاتر لە 800 هەزار مووچەخۆری حکوومی خۆیان لە پرۆژەی (هەژماری من) تۆمار کردووە

سەڵاح