توێژینەوەیەکی زانستی کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی تەکنەلۆژیی عێراقەوە ئەنجام دراوە، کارایی گیراوەی توێکڵی هەناری لە بەرەنگاربوونەوەی ژمارەیەک بەکتریا و مایکرۆبی هۆکاری پیسبوونی خۆراکدا دەرخستووە، سەرەڕای ئەوەی خاوەنی تایبەتمەندیی دژەئۆکسانە کە ڕەنگە بەشداری بکات لە درێژکردنەوەی ماوەی بەکارهێنانی بەرهەمە خۆراکییەکان.
بەپێی توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری زانستیی «Natural Resources for Human Health» بڵاو کراوەتەوە، توێژەران گیراوەیەکی کحوولییان لە توێکڵی هەنار بە سێ چڕیی جیاواز ئامادە کردووە کە بریتین لە ٢٥٪، ٥٠٪ و ١٠٠٪، و لە دژی جۆرەکانی بەکتریا تاقییان کردووەتەوە، لە نێویاندا ئیلیشیا کۆلای (E. coli)، سالمۆنێلا و پیسۆدۆمۆناس ئێرۆجینۆسا، جگە لە کەڕوو و خەمیرەکان.
ئەنجامەکان دەریانخستووە کە گیراوەکە بە چڕیی ١٠٠٪ بەرزترین کارایی دژەبەکتریای تۆمار کردووە، و لە هەندێک تاقیکردنەوەدا کاریگەریی دوو دژەبەکتریای تێپەڕاندووە کە بریتین لە ئەمیکاسین و ئەموکسیسیلین، لە کاتێکدا کارایی هەردوو چڕییەکەی دیکە لاوازتر بووە.
تاقیکردنەوەکان هەروەها دەریانخستووە کە گیراوەی چڕکراوە چالاکیی دژەئۆکسانی هەیە، کە تایبەتمەندییەکی گرنگە لە پاراستنی خۆراکدا، چونکە ئۆکسان کاریگەریی لەسەر تام، بۆن، کوالێتی و تەمەنی عەمبارکردنی بەرهەمەکان هەیە.
سەرەڕای ئەنجامەکان، ئەم تاقیکردنەوانە هێشتا لە چوارچێوەی تاقیگەییدا ماونەتەوە، چونکە گیراوەکە پێویستی بە تاقیکردنەوەی دیکە هەیە لەسەر بەرهەمە خۆراکییەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ، بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی و کاراییەکەی لە کاتی عەمبارکردندا، و ڕادەی کاریگەرییەکەی لەسەر تام، بۆن و پێکهاتە، پێش ئەوەی وەک ماددەیەکی پارێزەری سروشتی لەسەر ئاستێکی بازرگانی پەسەند بکرێت.

