ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

باڵوێزی ئه‌مریكا له‌ عێراق: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا دوولایەنەیە

 

باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق ، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هەرێمی کوردستان نموونەی دیموکراسییە و دروستکردنی کونسوڵخانەیەکی گەورە لە هەولێر نیشانەی پابەندیی ئەمەریکایە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چونکە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا یەکلایەنە نییە، بەڵکو دوولایەنەیە.

ئەلینا ڕۆمانۆوسکی،  باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 29ی تشرینی یەکەمی 2024 لە دیداری ئینستیتیوتی مێری، له‌ باره‌ى هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ڕایگه‌یاند: “هەرێمی کوردستان سەرچاوەیه‌كی گرنگە بۆ به‌شێك لە بازرگانی و وەبەرهێنانی ئەمەریکا لە ته‌واوى عێراق”.

باڵوێزه‌كه‌ى ئه‌مریكا له‌ عێراق، گوتیشی: “ئه‌م هه‌رێمه‌ هاوکات نموونەی دیموکراسییە و دەکرێت لە عێراقیش پەرەی پێ بدرێت”. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبه‌ر ئەوەی سەلماند كه‌ هەر بۆیە پەیوەندیی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان یەکلایەنە نییە، بەڵکو دوولایەنەیە.

هه‌رچى سه‌باره‌ت بە عێراقیشه‌،  باڵوێزی ئەمەریکا، ڕه‌تیكرده‌وه‌ هێزه‌كانیان بەشدارییان لەهێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران كردبێت، گوتیشی: “کۆنترۆڵی ئاسمانی عێراق لە دەست ئێمەدا نییە.”

له‌ درێژه‌ى قسه‌كانیدا هاته‌ سه‌ر باسى تیرۆر و گوتی: “له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعشدا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بەهێزەکانی کوردستانەوە، بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە، ئەمەش ئەرکێک بوو کە بەر لە 10 ساڵ، هێزەکانی ئەمەریکا لەپێناویدا بانگهێشت کران.”

ڕۆمانۆوسكی، گوتیشی: “عێراق ڕۆڵی گەورەی لەسەقامگیریی ناوچەکە هەیە، بۆیه‌ دەمانەوێت سەقامگیر و سەربەخۆ بێت، هه‌روه‌ك دەشمانەوێت سەرجەم هێزەکانی عێراق لەژێر کۆنترۆڵی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکاندا بن.”

ئەمڕۆ سێشەممە لە هەولێر دیداری ئینستیتیوتی مێری 2024 بە ناونیشانی (بەرەو حوكمڕانیی دروست و خۆشگوزەرانی) چالاکییەکانی دەستی پێ کرد و بڕیاریشه‌ دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

چامپیۆنزلیگ.. ئەتلەتیکۆ مەدرید بە سەرکردایەتی گریزمان سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا

یاسین

شاندێکی سه‌رۆکایه‌تیی هەرێم بۆ سه‌ره‌خۆشی سه‌ردانی کونسولخانه‌ی ڕووسیای كرد

سەڵاح

ھێزەکانی فەرەنسا لە ھەرێمی كوردستان پاڵپشتی لە بەرنامەی ریفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن

سەڵاح