ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی باس لەوە دەكات: عێراق تووشی زیانێكی زۆر و پشتتێكردن دەبێت لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە، ئەگەر بێت و لە كۆتاییهێنان بە گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران شكست بخوات.
ڕاپۆرتێكی (فۆكەسنیوز)ی ئەمریكی بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی بۆچوونی كۆمەڵێك پسپۆر لە بواری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەگەر عێراق لە سەلماندنی تواناكانی بۆ كۆتاییهێنان بە گرووپە چەكدارەكان شكست بهێنێت، ئەوا هاوكارییەكانی ئەمریكا لە بواری ئاسایشدا لەدەست دەدات.
ڕاپۆرتەكە باسی لەوە كردووە: ئێران زۆر لاواز بووە، ئەمە دەرفەت بە عێراق دەدات چاكسازیی ئەمنی بكات، لەومیانەشدا كۆتاییهێنان بە گرووپە چەكدارەكان و تێكەڵكردنەوەیان لەگەڵ هێزەكانی دەوڵەت.
جۆناسان شانزر، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراسی، باسی لەوە كردووە: كەوتنی ئەسەد لە ناوچەكەدا ساتێكی یەكلاكەرەوە بووە بۆ ئەوەی حكوومەتی عێراق لە دژی گرووپە چەكدارەكان هەنگاو هەڵێنێت.
ئینا ڕۆدۆڵف، لە ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی تۆندڕۆیی لە لەندەن باسی ئەوە دەكات: لەگەڵ لاوازبوونی وەكیلەكانی ئێران لە دوای 7ی ئۆكتۆبەر لە ناوچەكەدا، گوشارەكانی ئیسرائیل بۆ كۆتاییهێنان بە گرووپە چەكدارەكان توندتر بووە.
كارۆلین ڕۆز، سەرۆكی بەرنامەی بۆشاییەكانی دەسەڵات لە پەیمانگەی نیولاینز دەڵێت: حەقیقەتی گرتنەبەری ڕێوشوێنی گەورە لە كەرتی ئەمنی لە عێراق، بە هێزەكای حەشدی شەعبییەوە بەستراوەتەوە لەم كاتەدا كە ڕۆڵی ئێران لەم ناوچەیەدا لاواز بووە، ئەمەش خواستی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانانە.
ئەم مشتومڕانە لە كاتێكدان كە سەرچاوە میدیاییەكان چەندین جار باسیان لەوە كردووە، ئەمریكا و ئیسرائیل داوایان لە عێراق كردووە كۆنترۆڵی گرووپە چەكدارەكانی نزیك ئێران بكات كە لە خاكی عێراقەوە هێرش دەكەن.