zagros news agency

ئێران بیر لە گواستنەوەی پایتەخت لە تارانەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەکاتەوە

حکوومەتی ئێران بە جدی بیر لە گواستنەوەی پایتەختەکەی لە تارانەوە بۆ ناوچەی مەکۆران لە کەناری دەریای عومان دەکاتەوە. گوتەبێژی حکومەت لە مانگی کانوونی دووەمدا ڕایگەیاند توێژینەوە لەسەر ئەم پرۆژەیە دەستی پێکردووە.
هۆی سەرەکیی ئەم بڕیارە بۆ کێشە ژینگەیی و ژێرخانییەکانی تاران دەگەڕێتەوە، لەوانە ڕۆچوونی زەوی، قەرەباڵغیی هاتوچۆ، کەمئاوی و پیسبوونی کەشوهەوا. تاران زیاتر لە ١٨ ملیۆن دانیشتووی هەیە، هەروەها ڕۆژانە نزیکەی ٢ بۆ ٣ ملیۆن کەس لە شارەکانی دیکەوە سەردانی ئەم گەورەشارە دەکەن.
مەسعوود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، پێداگری لەسەر گواستنەوەی ناوەندی سیاسی و ئابووریی وڵات بۆ کەنار دەریا دەکات. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەش پشتگیری لە گۆڕینی مەکۆران بۆ ناوەندی ئابووریی ئێران و ناوچەکە دەکات.
لەگەڵ ئموەشدا، ئەم پڕۆژەیە ڕووبەڕووی دژایەتی بووەتەوە. ڕەخنەگران ئاماژە بە تێچووی زۆری گواستنەوەکە دەکەن و دەوترێت یەکسانە بە تێچووی ١٠ ساڵ سزای ئابووریی نێودەوڵەتی بۆ سەر ئێران. هەروەها سەبارەت بە کەشوهەوای گەرم، کەمیی باران و سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە لە ناوچەی مەکۆران نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن.
جێی ئاماژەیە بیرۆکەی گواستنەوەی پایتەخت لە دوای ڕووخانی پاشایەتی لە ساڵی ١٩٧٩ـەوە چەندین جار خراوەتە بەرباس، بەڵام بەهۆی کێشە دارایی و لۆجێستییەکانەوە هه‌تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە ئەڵمانیا مافی مانەوە لە 8 هەزار 232 کەس وەرگیراوەتەوە

سەڵاح

د. دیندار زێباری: لە کابینەی نۆیەمدا جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بواری ئازاديی ڕۆژنامەگەری بە ڕێژەی زیاتر لە 70% زیادی کردووە

سەڵاح

شەش میلیشیای عێراقی بە فەرمی چەكدانان رەت دەكەنەوە

سەڵاح