ئەمڕۆ دووشەممە، ١٤ی نیسانی ٢٠٢٥، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، گفتوگۆی کرد و تێیدا جەختی لە هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە ئاسایشی ناوچەکە و دواپێشهاتەکانی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کردەوە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (واع)، فوئاد حسێن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختی لە پشتگیریی عێراق بۆ هەر هەوڵێک کردەوە لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا یارمەتیدەر بێت.
لەم پێوەندییە تەلەفۆنیەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران کورتەیەکی دەربارەی ئەو دانوستانانەی نێوان ئێران و ئەمریکا لە مەسقەت بەڕێوەچوو، پێشکەش کرد. عێراقچی ئاماژەی بەوەدا دانوستانەکان بە باشی بەڕێوەچوون و تیشکیان خستووەتە سەر بەرنامە ناوکییەکەی ئێران. هەروەها ڕایگەیاند گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا بڕیارە لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت.
فوئاد حسێن خۆشحاڵی خۆی بە ڕەوتی ئێستای دانوستانەکان دەربڕی و لە ئاسانکاریکردنی ئەم گفتوگۆیانەدا ستایشی ڕۆڵی عومانی کرد.
لەم پەیوەندییەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی بۆ سەردانیکردنی تاران ئاراستەی فوئاد حسێن کرد.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەردەوامن.
هەواڵی داهاتوو

