بەرپرسانی ئوردن ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی نیسان، ڕایانگەیاند ١٦ کەسیان لە پەیوەندی لەگەڵ پیلانگێڕییەک بۆ “دروستکردنی پشێوی و تێکدان” لە وڵاتەکەدا دەستگیر کردووە.
دەزگای هەواڵگریی ئوردن هەواڵی دۆزینەوەی کارگەیەکی دروستکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕاگەیاند کە لانیکەم یەکێک لە مووشەکەکانی ئامادەی هەڵدان بووە. بە وتەی وتەبێژی حکومەت، مەودای ئەو مووشەکانە لە نێوان ٣ بۆ ٥ کیلۆمەتر بووە و تۆمەتبارەکان ڕەوانەی دادگای ئاسایشی نیشتمانی کراون. بەرپرسان بەڵێنی بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی تۆمەتبارەکانیان داوە.
بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی ئوردن، دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە ماوەی نزیکەی چوار ساڵە چاودێریی ئەو کەسانەی کردووە. هەروەها ئاشکرایان کردووە کە هەندێک لە تۆمەتبارەکان لە لوبنان ڕاهێنانیان پێکراوە و سەرکردەی گروپەکە لە لوبنانەوە چالاکییەکانی بەڕێوەبردووە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، نەجیب میقاتی، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریکردن لەم دۆسیەیەدا دەربڕی.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئەمنییەکانی ئوردن بانگەشەی پەیوەندیی تۆمەتبارەکانیان بە “ئیخوان موسلمین”ەوە کرد، کە گەورەترین ڕەوتی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەیە. بەڵام ئیخوان موسلمین لە نامەیەکدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز هەر جۆرە پەیوەندییەکی بەم پیلانگێڕییەوە ڕەتکردەوە و جەختی لەسەر سیاسەتی ئاشتیخوازانەی خۆی کردەوە.
هەواڵی داهاتوو

