حکومەتی ئوردن چالاکیی لق کاریگەر و فرەلایەنگری ئیخوان موسلمینی لەم وڵاتە قەدەغە کرد.
وەزارەتی نیوخۆی شانشینی ئوردن ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی نیسان، کە هەفتەیەک دوای دەستگیرکردنی ١٦ گومانلێکراو، لەنێویاندا ئەندامانی گریمانەکراوی ئیخوان موسلمین کە گوایە نیازی ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانەیان هەبووە، ئەم بڕیارەی ڕاگەیاند،.
مازن فەرایە، وەزیری نێوخۆی ئوردن، ئیخوان موسلمینی بە هەوڵدان بۆ “تێکدانی سەقامگیریی” وڵاتەکە تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند کە ئەوان مووشەک و ماددەی تەقەمەنییان دروستکردووە و کۆکردووەتەوە.
فەرایە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند گرووپی ئیخوان موسلمین ماددەی تەقەمەنی و چەکیان لەنێوان شارەکانی ئوردندا گواستووەتەوە و لە ناوچە نیشتەجێبووەکاندا هەڵیانگرتووە. بە گوتەی ئەو، سەرەڕای ئەمەش، گرووپەکە لایەنگرانی خۆی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات ڕاکێشاوە و ڕایهێناون.
بەگوێرەی وەزیری نێوخۆی ئوردن، لەمەودوا هەموو چالاکییەکانی ئیخوان موسلمین قەدەغە دەکرێن و هەر جۆرە چالاکییەکی ئەم گرووپە بە “پێشێلکردنی ڕێسا یاساییەکان” ئەژمار دەکرێت. هەروەها هەموو بارەگا و نووسینگەکانی ئەم گرووپە لە ئوردن دادەخرێن، “تەنانەت ئەگەر بە هاوبەشی لەگەڵ پارتەکانی تریش بێت.”
وەزیری نێوخۆی ئوردن ئەوەشی ڕاگەیاند دەست بەسەر موڵک و ماڵی ئیخوان موسلمیندا دەگیرێت و بڵاوکردنەوەی فێرکاری و بیروباوەڕەکانی ئەم گرووپە و ئەندامێتی تێیدا بە تاوان ئەژمار دەکرێت.
شایەنی باسە، دادگای باڵای ئوردن لە ساڵی ٢٠٢٠ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئیخوان موسلمینی دابوو، بەڵام گرووپەکە هێشتا چالاک بوو و بەرپرسانی ئەم وڵاتە چاوپۆشییان لەم بابەتە دەکرد. “بەرەی کردەی ئیسلامی”، باڵی سیاسیی ئیخوان موسلمین، لە هەڵبژاردنی مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا بە بەدەستهێنانی ٣١ کورسی لە کۆی ١٣٨ کورسی، بووە بەهێزترین پارت لە پەرلەمانی ئوردندا.
دەزگای هەواڵگریی ئوردن لە ١٥ی نیسان هەواڵی دەستگیرکردنی ١٦ گومانلێکراوی تیرۆری ڕاگەیاندبوو. تۆمەتەکانیان بریتی بوون لە دروستکردن و هەبوونی چەک، لەوانەش مووشەک. بەڵام ئیخوان موسلمین ئەم تۆمەتانەی ڕەتکردەوە.
هەواڵی پێشوو

