سەرایا قودس، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین، داوای لە حکومەتی سووریا کرد ئەو دوو سەرکردەیەی ماوەی پێنج ڕۆژە دەستگیرکراون، ئازاد بکات. ئەمڕۆ شەشەمین ڕۆژە ئەم دوو کەسە دەستگیر کراون.
دوو سەرکردە دەستگیرکراوەکە بریتین لە خالید خالید، بەرپرسی گۆڕەپانی سووریا لە بزووتنەوەکەداو یاسر زفری، بەرپرسی لیژنەی ڕێکخستن.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرایا قودسدا هاتووە هۆی دەستگیرکردنی ئەم دوو کەسە ئاشکرا نەکراوە. دەستگیرکردنی ئەم دوو سەرکردەیەی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە بووە.
سەرایا قودس لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە: “پێنج ڕۆژ بەسەر دەستگیرکردنی هەردوو سەرکردەمان، خالید خالید بەرپرسی گۆڕەپانی سووریا و یاسر زفری بەرپرسی لیژنەی ڕێکخستندا تێپەڕی.” جەختیشیکردووەتەوە،هەردووکیان بەبێ ئاشکراکردنی هیچ هۆکارێک دەستبەسەر کراون.
هەروەها هیوای خواستووە حکومەتی سووریا هەردوو سەرکردەکەیان ئازاد بکات، کە بە گوتەی بەیاننامەکە، “ڕۆڵیان لە کاری مرۆیی بۆ پشتیوانیکردنی گەلی فەلەستین هەبووە.” سەرایا قودس ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە، لە شەڕی خۆیدا دژی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە و “تفەنگەکەی تەنیا ڕووی لە دوژمن کردووە.”
بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی میدیایی عەرەبی، گومانی پەیوەندیی ئەم دوو سەرکردە دەستگیرکراوە لەگەڵ لایەنی دەرەکی، بەتایبەتی ئێران، لە ئارادایە.
ئەمە یەکەم جارە سەرکردەیەکی دیاری فەلەستینی لەم ئاستەدا لە سووریا دەستگیر بکرێت. هەندێک لێکدانەوەش هەن دەڵێن ڕەنگە دیمەشق لەژێر فشاردا بێت بۆ جێبەجێکردنی هەندێک لەو مەرجانەی ئەمریکا لە ژێر فشاردابێت کە بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر سووریا پێشنیار کرابوون. دوو لەو مەرجانە بریتین لە قەدەغەکردنی میلیشیا فەلەستینییەکان و چالاکییە سیاسییەکانیان، هەروەها دەرکردنی ئەندامانی گرووپە فەلەستینییەکان لە سووریا.
جێگەی ئاماژەیە، ئەم ڕێکارەی سووریا ماوەیەکی کورت دوای سەردانی مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی سووریا دێت.
بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی یەکێکە لەو لایەنە فەلەستینیانەی لە کاتی قەیرانی سووریادا لەم وڵاتەدا مانەوە و بەپێی هەندێک سەرچاوە، هەڵوێستی بێلایەنانەیان هەبووە و لە شەڕی ناوخۆدا نەچوونەتە پاڵ ڕژێمەوە.
بارەگاکانی ئەم بزووتنەوەیە لە دیمەشق چەندین جار کەوتوونەتە بەر بۆمبابارانی ئیسرائیل.
ئێستا زیاتر لە ١٣ ڕێکخراوی فەلەستینی لە سووریا هەن. هەندێکیان لە ساڵانی قەیرانەکەدا ئەم وڵاتەیان جێهێشت، بەڵام هەندێکی دیکەیان هێشتا ماون و لە دیمەشق و دەوروبەری خاوەنی بنکەی سەربازیین.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

