بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 26-04-2025، کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری قامشلۆ، بە بەشداریی زیاتر لە 400 کەس دەستی پێکرد.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) دوو لایەنی سەرەکیی کۆنفرانسەکەن. هەر یەکە لە ئەنەکەسە و پەیەدە 130 ئەندامیان لە کۆنفرانسەکەدا دەبێت و ئەوانی دیکەش میوانانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەبن.
ئامانجی کۆنفرانسەکە ئامادەکردنی ڕەشنووسێکی پارتە سیاسییەکانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستانە لەسەر چۆنێتی بەشداریی یەکگرتووانە لە داهاتووی سووریادا، وەکو یەک شاند و بە هەڵوێست و بۆچوونی هاوبەش.
له ههرێمی كوردستانەوە، دكتۆر حهمید دهربهندی، بەرپرسی دۆسیەی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان لە بارەگای بارزانی و لە باكووری كوردستانیش، شاندێکی هاوبەشی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) و ژمارەیەک پارتی دیکە، بهشداری كۆنفرانسهكهیان كرد.
نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە قامیشلۆ، لە گوتارێکیدا پەیامی سەرۆک بارزانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، ئەم کۆنفرانسە دیدگایەکی مێژووییە بۆ یەکڕیزیی کورد و چارەکردنی دۆزی کورد
حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە قامیشلۆ، پەیامی سەرۆک بارزانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، ئەم کۆنفرانسە دیدگایەکی مێژووییە بۆ یەکڕیزیی کورد و چارەکردنی دۆزی کورد تاکوو بەشداریی کورد لەم وڵاتەدا مسۆگەر بکات.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا گوتیەتی: گەلی کورد لە سووریا دەیان ساڵە بەدەست پشتگوێخستن و هەموو جۆرەکانی پەراوێزخستن و ئینکاری و چەوساندنەوە دەناڵێنێت، ئەمڕۆ له کاتێکدا گۆڕانکاری خێرا له سووریا و ناوچه که ڕوودەدات، له داهاتووشدا بەردەوام دەبێت، دەرفەتی گەورە بۆ گەلەکەمان هاتووەتە ئاراوە، بەرپرسیارەتییەکی مێژوویی گەورە دەکەوێتە سەر ئێوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکانی ئیستا و ئامادەکردنی پرۆژەیەکی فراوان و گونجاو که گوزارشت له خواستەکانی گەلەکەمان بکات، لەچوارچێوەی سووریای یەکگرتوو ئازاد و دیموکراسیدا.
لە پەیامەکەدا ئاماژەی بەوەش کراوە، لەبەرامبەر دوایین هەڕەشەکانی ناوچەکە، گرنگی خەباتی دیموکراسی و ئاشتیانە وەک ئامرازێکی ستراتیژی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان و گەیشتن بە خواستەکانیان دیارە، لەم چوارچێوەیەدا دووپاتی دەکەینەوە کە چارەسەری ئاشتیانە و دیپلۆماسی لە هەموو کاتێک گرنگترە و لە چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکاندا ئەنجامێکی باشتری لێدەکەوێتەوە.
ههروهها مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە گوتاری کۆنفراسەکەدا ڕایگەیاند “بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە بڕیارێکی لە ناکاو نەبووە، بەڵکوو ئەنجامی هەوڵدان، کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکی دوورودرێژی لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بووە. زۆر سیاسەتمەدار و لایەنی سیاسیی پارچەکانی دیکەی کوردستان هەوڵی یەکخستنی هەڵوێستی کوردییان لە ڕۆژئاوای کوردستان داوە و یارمەتی ئێمەیان داوە. لە سەرووی هەمووانەوە سەرۆک بارزانی، هەوڵ و ماندبوونی لە بیر ناکەین و سوپاسی دەکەین. هەروەها هاوسەرۆکایەتیی کەجەکە و هەر یەکە لە کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک بافڵ تاڵەبانیش، ڕۆڵیان هەبوو و سوپاسیان دەکەین.”
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە لهو بارهوه بۆ زاگرۆس گوتی: پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان،پەیامێکی مێژوویی بوو، لە ڕۆژێکی مێژوویی و قۆناغی نوێی سووریا ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و هاوکاریی مەزوڵوم عەبدی، وایان کرد میللەتی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بگەنە یەکتر و جیاوازییەکان وەلا بنێن و ببنە یەک، لە پەیامەکەشیدا، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردووەتە پشتگیریی یەکهەڵوێستی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، داوا دەکات ببینە هاوبەش و بەشداریی حکوومەتی سووریا و پەیوەندییەکان لەگەڵ گەلی سووریا پتەو بکەین.
ئهوهشی خستهروو: له داهاتوودا لێژنهی ههماههنگی و كاری هاوبهشی زیاتر لهنێوانمان دهبێت و دهمانهوێت بهیهك دیداگای هاوبهش بچینه شام.
لەمبارەیەوە عهبدۆ حهبهش، سەرۆكی بەرەی كوردستانی سووریا بۆ ئاژانسی زاگرۆس گوتی: “ئهو كۆنفرانسه پهیوهندیی به چارهنووسی گهلی كورد ههیه له رۆژئاوای كوردستان كه گهلی كوردستان له داهاتووی سووریا چیان دهوێ؟ تاوەكوو بزانین كورد لامهركهزیی سیاسی یان فیدڕاڵی یان چی دهوێت؟ ئهمه دهستپێك دهبێت بۆ ئهوهی كورد به یهك دهنگ و یەك شاند بچێته شام و داواكاریی خۆی بگهیهنێت و بۆچوونی خۆمان به یەكگرتووی بگهیهنین، نهك به شێوهی حزبی. لەبەر ئەوە، ئهمه رۆژێكی دیرۆكییه بۆ رۆژئاوای كوردستان.“
جەختیشی كردەوە: ”ئهوهی كراوه به دهستپێشخهری سهرۆك بارزانی بووه و سەرۆك بارزانی ئەندازیاری یەكڕیزیی رۆژئاوای كوردستانە، هەروەك نەیهێشت ئهو دهرفهتهمان لهدهست بچێت.“
گوتیشی: ”سەرۆك بارزانی مێژووی یەكڕیزیی كوردی له رۆژئاوای كوردستان نووسیوه، ههموومان به پشتیوانیی سهرۆك بارزانی، دهچینه شام.“

