zagros news agency

ترەمپ داوای تێپەڕینی بەخۆڕایی کەشتییەکانی ئەمریکا لە نۆکەندەکانی پەنەما و سوێس دەکات

دۆناڵد ترەمپ داوای کردووە کەشتییە سەربازی و بازرگانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەخۆڕایی بە نۆکەندەکانی پەنەما و سوێسدا تێپەڕن. جەختیشی کردەوە ئەم ڕێڕەوانە “بەبێ ئەمریکا هەر نەدەبوون.” ئەمریکا و چین لە گەورەترین بەکارهێنەرانی کەناڵی پەنەمان.
دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی شەممە، ٢٦ی نیسان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ترووس”ـی خۆی نووسیویەتی، ئەم داواکارییە دەبێت هەم کەشتییە سەربازییەکان و هەم بازرگانییەکان بگرێتەوە. جەختی کردەوە: «ئەم نۆکەندانە بەبێ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەر نەدەبوون.»
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا، داوای لە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە کردووە، دەستبەجێ ئەم پرسە چارەسەر بکات. ترەمپ پێشتریش توانیبووی دەستکەوتێکی گرنگ لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی هەژموونیی ئەمریکا بەسەر کەناڵی پەنەمادا بەدەست بهێنێت. بەپێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ پەنەما، ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێگەی پێ دراوە هێزە سەربازییەکانی خۆی لە دەوروبەری ئەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە جێگیر بکات.
پێشتر پەنەما و ئەمریکا ڕایانگەیاندبوو، لە گفتوگۆدان سەبارەت بە ڕێککەوتنێک بۆ ئەوەی ڕێگە بە تێپەڕینی بەخۆڕایی و لەپێشینەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە کەناڵی پەنەما بدرێت. ترەمپ چەندین جار گوتبووی، نیازی هەیە کۆنترۆڵی ئەم کەناڵە “وەربگرێتەوە” چونکە پێی وایە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەم بوارەدا “بە نادادپەروەرانە” کەوتووەتە ژێر فشارەوە.
ناوبراو پێش دەستبەکاربوونی فەرمی وەک سەرۆک لە مانگی کانوونی دووەمیشدا ڕایگەیاندبوو، بۆ وەرگرتنەوەی کۆنترۆڵی کەناڵی پەنەما، بژاردەی ئابووری و تەنانەت سەربازیش بەدوور نازانێت.
لەکاردانەوەی ئەم لێدوانانەدا، خۆزێ ڕائول مولینۆ، سەرۆکی پەنەما، بێ ئاماژەکردنی ڕاستەوخۆ بە ترەمپ، ڕایگەیاند، باجی تێپەڕین لە کەناڵی پەنەما لەلایەن “دەسەڵاتی کەناڵی پەنەما” (ACP)ـەوە دیاری دەکرێت. ئەمەش دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و لە بەڕێوەبردنی ئەم ڕێڕەوە بازرگانییە بەرپرسە. مولینۆ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسی: «هیچ ڕێککەوتنێک پێچەوانەی ئەمە بوونی نییە.»
پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، سەرەتای ئەم مانگە لە سەردانێکیدا بۆ پەنەما سیتی ڕایگەیاندبوو، ویلایەتە یەکگرتووەکان بەدوای ڕێککەوتنێکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی کەشتییە جەنگییەکانی “یەکەم و بەخۆڕایی” بەم ڕێڕەوەدا تێپەڕن.

هەواڵی پەیوەندیدار

سزای له‌ سێداره‌دان بۆ هاوسه‌ری شنیار هونەر ده‌رچوو

یاسین

ئێران داوای ڕوون‌کردنەوەی هەڵوێستی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەکات

سەڵاح

پیسیی هەوای شاری بەغدا مەترسیی گەورەی لەسەر ژیانی خەڵكەكەی دروست كردووە

سەڵاح