zagros news agency

پاکستان: هیندستان ئامادەکاری بۆ هێرشێکی سەربازیی نزیک دەکات

لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان و ئاڵوگۆڕی تەقە لەسەر هێڵی سنووریی نێوانیان، دوای کوژرانی ژمارەیەک گەشتیار لە هەرێمی کەشمیر، عەتاوڵڵا تەرار، وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان، ڕایگەیاند: هیندستان بەنیازە لە ماوەی ٢٤ بۆ ٣٦ کاتژمێری داهاتوودا هێرش بکاتە سەر پاکستان.
ئەم لێدوانانەی وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات، ” نارێندرا مۆدی”، سەرۆک‌وەزیرانی هیندستان، ڕایگەیاندبوو دەسەڵاتی تەواو دەداتە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بۆ وەڵامدانەوەی کوژرانی گەشتیاران لە بەشی ژێر کۆنترۆڵی هیندستان لە کەشمیر. عەتاوڵڵا تەرار جەختی لەوە کردەوە ئیسلام‌ئاباد زانیاریی باوەڕپێکراوی لەبەردەستدایە کە تەمای هیندستان بۆ هێرشێکی سەربازیی نزیک پشتڕاست دەکاتەوە.
هاوکات، ڕاپۆرتەکان باس لە زیادبوونی تەقەکردن لەنێوان هێزەکانی هەردوو وڵات لەسەر هێڵی کۆنترۆڵ دەکەن کە بەشەکانی ژێر دەسەڵاتی هیندستان و پاکستان لە کەشمیر لێک جیادەکاتەوە. بەرپرسانی حکومەتی هیندستانیش ڕایانگەیاندووە، هێزەکانی پاکستان لەم سنوورەوە تەقەیان بە ئاراستەی هیندستاندا کردووە.
ئەم گرژییانە دوای هێرشە خوێناوییەکەی سەر گرووپێک گەشتیار لە بەشی ژێر دەسەڵاتی هیندستان لە کەشمیر سەری هەڵدا کە بووە هۆی کوژرانی ٢٦ کەس لە گەشتیاران و ڕێبەرە گەشتیارییەکان.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی نیسان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە قسەی لەگەڵ هەریەک لە شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان و سۆبرامانیام جەیشانکار، وەزیری دەرەوەی هیندستان کرد و پێشنیاری نێوەندگیری کرد بۆ یارمەتیدان لە کەمکردنەوەی گرژییەکان.
بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، سەرەڕای داواکاریی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەردوولا بۆ “دانبەخۆداگرتن”، تا ئێستا هیچ نیشانەیەک بۆ کەمبوونەوەی گرژییەکان لەنێوان ئەم دوو وڵاتە خاوەن چەکی ئەتۆمییەدا بەدی نەکراوە.
حکومەتی هیندستان، ئیسلام ئاباد بە پشتگیریکردنی هێرشەکەی سەر گەشتیاران تۆمەتبار دەکات، بەڵام پاکستان ئەم تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان ڕایگەیاند: هیندستان بەنیازە ئەم ڕووداوە وەک “پاساوێکی ناڕاست” بۆ هێرشی سەربازی دژی پاکستان بەکاربهێنێت. ناوبراو هەروەها هۆشداریی دا: “بێگومان وڵامی هەر جۆرە سەرکێشییەکی سەربازیی لەم شێوەیە لەلایەن هیندستانەوە، دەدرێتەوە.”
هێرشە خوێناوییەکەی سەر گەشتیاران لە نزیک شارۆچکەی گەشتیاریی پاهێلگام، بە یەکێک لە کوشندەترین هێرشەکان دژی هاووڵاتیانی مەدەنی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە هەرێمی کەشمیر هەژمار دەکرێت. هەردوو وڵاتی هیندستان و پاکستان لە کاتی دامەزراندنی پاکستان و جیابوونەوەی لە هیندستان لە ساڵی ١٩٤٧ەوە، لەسەر خاوەندارێتیی کەشمیر کێشەیان هەیە.
بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی هیندی، لە میانەی گەڕان و پشکنینە بەرفراوانەکاندا لە بەشی ژێر کۆنترۆڵی هیندستان لە کەشمیر بۆ دۆزینەوەی بکەرانی هێرشەکە، زیاتر لە ١٥٠٠ کەس دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لێکراوە.
بەشی ژێر دەسەڵاتی هیندستان لە کەشمیر لە ساڵی ١٩٨٩ەوە شاهیدی کردەوەی چەکداری دژی هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتیانی مەدەنیی هیندستان بووە.
تا ئێستا حکومەتی هیندستان بە فەرمی هیچ گرووپێکی وەک بکەری هێرشەکەی پاهێلگام دەستنیشان نەکردووە. لەگەڵ ئەمەشدا، پۆلیسی هیندستان ناوی سێ کەسی لە چوار بکەری هێرشەکە ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە، دوو لە هێرشبەرەکان هاووڵاتیی پاکستانی بوون ویەکێکی دیکەیان خەڵکی بەشی ژێر کۆنترۆڵی هیندستان لە کەشمیر بووە و زانیاریی دیاریکراو لەبارەی هێرشبەری چوارەمەوە لەبەردەستدا نییە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بارسێلۆنا و ئەستێرەیەکی مان سیتی چاویان لەیەکتریە

یاسین

لە 2003وە تا ئێستا 1459 ملیار دۆلار لە عێراق دزراوە

سەڵاح

دەم پارتی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سووریا سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات

یاسین