zagros news agency

دوای تەقەکردن لە ئاهەنگی ئێوارەخوانێك ترەمپ سەلامەتە، گومانلێکراوەکە دەستگیرکراوە

 

دوێنی شەممە، دۆناڵد ترەمپ و مێلانیا ترەمپی خانمی یەکەمیان بە پەلە لە ئاهەنگی ساڵانەی کۆمەڵەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە واشنتۆن برانه‌ دەرەوە، دوای ئەوەی پیاوێک لە نزیک کارمەندانی ئەمنییەوە تەقەی کرد.

پیاوەکە پێش ئەوەی پەلامار بدرێت و دەستگیر بکرێت، لە خاڵێکی پشکنین لە هۆتێلی “واشنتۆن هیڵتۆن” بە چەکی شۆتگەن تەقەی لە پاسه‌وانێكی نهێنی كردوه‌.

دواتر ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەپەلەدا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئەفسەرەکە بەهۆی “هێلەگی گوللـەنەبڕ”ەکەیەوە ڕزگاری بووە و باری تەندروستی باشە. ئەنتۆنی گۆگلیێلمی، وتەبێژی خزمەتگوزاری نهێنی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە ئەفسەرەکە لە نەخۆشخانە دەرچووە.

هێشتا دەستبەجێ ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا ترەمپ ئامانجی سەرەکی هێرشەکە بووە یاخود نا، هەرچەندە خۆی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت کە پێیوایە ئەو ئامانجەکە بووە. سەرۆک لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە لە دوو هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە، کە ئەمەش نیشانەی قووڵبوونەوەی جەمسەرگیری سیاسییە.

ترەمپ دەڵێت: پێدەچێت گومانلێکراوەکە “گورگی تەنیا” بێت.

بەرپرسێکی جێبەجێکردنی یاسا وتی، گومانلێکراوەکەی ناوی (کۆڵ تۆماس ئاڵن)ه‌، دانیشتووی ویلایەتی کالیفۆرنیایە و تەمەنی نزیکەی ٣١ ساڵە. وتیشی، زانیاری زۆرتر دەربارەی ڕابردووی ئاڵن لەبەردەستدا نییە، بەڵام بڵاوکراوەکانی لە سۆشیاڵ میدیا ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ناوچەی تۆرانس لە نزیک لۆس ئەنجلۆس مامۆستا بووە.

جیفری کارۆڵ، بەڕێوەبەری کاتیی پۆلیسی واشنتۆن گوتی: گومانلێکراوەکە چەکی شۆتگەن، دەمانچە و چەندین چەقۆی پێ بووە. گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ناوخۆیی بۆ هەڵسەنگاندنی باری دەروونی، بەڵام کارۆڵ گوتی هێشتا زووە بزانرێت پاڵنەرەکەی چی بووە. کارۆڵ ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پێدەچێت گومانلێکراوەکە میوانی هۆتێلەکە بووبێت.

ئەم ڕووداوە شێواوەی کە لە دەوروبەری کاتژمێر ٨:٣٥ی شەو ڕوویدا، پرسیاری نوێی دەربارەی پاراستنی ئاسایشی بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا دروست کرد، کە زۆربەیان لە هۆڵی گەورەی هۆتێلەکە کۆببوونەوە.

تەوەری سەرەکی لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەبێت کە چۆن چەکدارەکە توانیویەتی چه‌كه‌كه‌ بە قاچاخ بباتە ناو هۆتێلەکە، کە میوانداری ئێوارەخوانی ساڵانەی کۆمەڵەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی دەکات، کە یەکێکە لە گرنگترین بۆنە کۆمەڵایەتییەکانی واشنتۆن.

ئەم بۆنە فەرمییە لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا بەڕێوەچوو و زۆربەی ئەندامانی کابینەکەی ترەمپ و بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەی ئامادەی بوون. ئەمە یەکەمجار بوو ترەمپ وەک سەرۆک بەشداری لەم چالاکییەدا بکات، دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا بایکۆتی کردبوو.

دوای ڕووداوەکە، ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی نائاسایی درەنگانی شەو لە ژووری کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکانی کۆشکی سپی قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد، کە زۆربەیان هێشتا جلی فەرمی ئاهەنگەکەیان لەبەردا بوو. لە کاتی قسەکانیدا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و ئەندامانی دیکەی کابینەکەی لە تەنیشتی وەستابوون. مێلانیای هاوسەری ترەمپیش لە لایەکەوە تەماشای دەکرد و کاتێک ترەمپ لێی پرسی ئایا دەیەوێت دەربارەی ڕووداوەکانی ئەو شەوە قسە بکات، ئەو ڕەتیکردەوە.

Trump: Suspect in custody after shooting at Correspondents' Dinner - UPI.com

Trump safe after shooting at White House correspondents dinner, suspect in  custody | Jefferson City News Tribune

Trump safe after shooting at White House correspondents dinner, suspect in  custody | Ariana News | Afghanistan News

رۆیته‌رز

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشناسی : پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە

سەڵاح

سەرۆکی حکومەت بە ئامادەبوونی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ بانک و جزدانە ئەلیکترۆنییەکانی بەشدار لە هەردوو پڕۆژەی هەژماری من و ئی پسوولە کۆبووەوە

یاسین

لەبەسرە تۆڕێکی تاوانکاریی دروستکردنی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران

سەڵاح