نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە، وەڵامی لێدوان و هەڕەشەکانی ئەم دواییەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی داوەتەوە.
ئەمیرسەعید ئێرەڤانی، نوێنەری ئێران، لە نامەکەیدا هۆشداریی داوە هەر جۆرە “گێچەڵێکی سەربازی” لەلایەن ئیسرائیل یان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە کە یەکپارچەیی خاکی ئێران یان بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی بکاتە ئامانج، “وەڵامێکی خێرا و گونجاو”ی بەدواوە دەبێت.
ئێرەڤانی هەروەها جەختی لەوە کردۆتەوە کە بەرپرسیارێتی هەر جۆرە “دەستدرێژییەکی نایاسایی” بۆ سەر ئێران و بەرژەوەندییەکانی، دەکەوێتە ئەستۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
ئەم نامەیەی نوێنەری ئێران لە کاتێکدایە کە لەم دواییانەدا و دوابەدوای کەوتنەخوارەوەی مووشەکێکی حووسییەکانی یەمەن لە نزیک فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە لێدوانێکدا کە وەک پاڵپشتییەک بۆ وتەیەکی پێشووتری دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لێکدرایەوە، ڕایگەیاندبوو: “وتەکەی سەرۆک ترامپ بەتەواوی ڕاستە! سەرچاوەی هێرشی حووسییەکان ئێرانە”. ناتانیاهۆ هەروەها هەڕەشەی وەڵامدانەوەی حووسییەکان و ئێرانی کردبوو.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

