گەڕی چوارەمی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی نیسان، لە عومان کۆتایی هات. گفتوگۆکان دوای نزیکەی سێ کاتژمێر لە دەستپێکردنیان لە کاتژمێر ١٤:٣٠ بە کاتی ناوخۆ، کۆتاییان پێهات.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: “گەڕی چوارەمی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی ئێران-ئەمریکا خولەکێک لەمەوبەر کۆتایی هات؛ گفتوگۆکان سەخت بوون بەڵام سوودبەخش بوون بۆ تێگەیشتنی باشتر لە هەڵوێستەکانی یەکتر و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی مەنتیقی و واقیعی بۆ چارەسەرکردنی کێشە جێناکۆکەکان.” هەروەها ڕایگەیاند کە کات و شوێنی گەڕی داهاتووی گفتوگۆکان لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عومانەوە ڕادەگەیەندرێت.
پێشتر، ئیسماعیل بەقایی بە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ڕاگەیاندبوو، “گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی پەیام لە ڕێی وەزیری دەرەوەی عومانەوە بەردەوامە.”
ئاژانسی ئاکسیۆسی ئەمریکایی لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاییەوە بڵاویکردەوە لە میانی گەڕی چوارەمی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لە عومان، گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە نێوان ویتکۆف و عێراقچیدا هەبووە. بەرپرسە ئەمریکاییەکە گوتی: “ڕێککەوتن کراوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر کارکردن لەسەر توخمە تەکنیکییەکان. ئێمە بە ئەنجامی ئەمڕۆ دڵگەرم بووین و چاوەڕوانی گەڕی داهاتوو دەکەین کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەڕێوەدەچێت.”
عەباس عێراقچی پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان هیوای خواستبوو کە “لەم گەڕەدا بگەینە خاڵێکی یەکلاکەرەوە،” بەڵام ئاماژەی بەوەشکردبوو “هەڵوێستەکانی لایەنی بەرامبەر بەردەوام دەگۆڕدرێن.” ناوبراو جەختیشی کردەوە کە “بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بنەمای یاسایی و شەرعی بەهێزی هەیە و هەموو ڕەهەندە ئاشتیخوازانەکانی هەمیشە لەژێر چاودێری ئاژانسدا بووە و دەبێت. ئەمە بەشێکە لە مافەکانی گەلی ئێران کە تەنانەت قابل گفتوگۆ و مامەڵە نییە،” و “پیتاندنی یۆرانیۆم یەکێکە لە دەستکەوت و شانازییەکانی گەلی ئێران و بە دڵنیاییەوە قابل معامله نییە.”
لەلایەکی دیکەوە، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا، پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندبوو “دەبێت ئێران دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبوەشێنێتەوە و نابێت هیچ سانتریفیوژێکیان هەبێت. دەبێت هەموو ئەو سووتەمەنییەی هەیانە خەستییەکەی کەم بکەنەوە و ڕەوانەی شوێنێکی دووری بکەن،” و جەختی کردبووەوە “هیچ بەرنامەیەکی پیتاندن نابێت لەمەودوا لە ئێراندا هەبێت.”
هەواڵی داهاتوو

