zagros news agency

تاڵیبان ١٤ هاووڵاتیی ئەفغانیی بەهۆی مۆسیقاژەنینەوە دەستگیر کرد

پۆلیسی ویلایەتی تەخار لە باکووری ئەفغانستان ڕۆژی شەممە ١١ی نیسان، ڕایگەیاند، ١٤ کەس بە تۆمەتی مۆسیقاژەنین و گۆرانی‌ گوتن لە ماڵێکدا لە باکووری ئەفغانستان لەلایەن حکوومەتی تاڵیبانەوە دەستگیر کراون.
لە بەیاننامەی پۆلیسدا هاتووە، ئەم کەسانە “بە سوودوەرگرتن لە تاریکیی شەو لە ماڵێکدا لە نێوەندی ویلایەتی تەخار کۆبوونەتەوە و بە مۆسیقاژەنین و گۆرانیگوتن، بێزاریی گشتییان دروست کردووە.” پۆلیس هەروەها زیادی کرد، دەستگیرکراوان ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٢١، ئەم گرووپە سنووردارکردنی توندی کۆمەڵایەتیی سەپاندووە، لەوانەش قەدەغەکردنی مۆسیقای ڕاستەوخۆ لە شوێنە گشتییەکان، کۆبوونەوەکان، چێشتخانان و تەنانەت لە نێو ئۆتۆمبێلانیش.
تاڵیبان هەروەها هەموو قوتابخانەکانی فێرکردنی مۆسیقای داخستووە و زۆرێک لە ئامێرە مۆسیقییەکان و کەرەستەکانی دەنگی بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی “گەندەڵیی ئەخلاقی” شکاندووە یان سووتاندوونی. هەر لەبەر ئەم هۆیە، هۆڵەکانی سازکردنی ئاهەنگی زەماوەند چی‌دیکە ڕێگەیان پێ نادرێت مۆسیقا لێبدەن.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسایی، زۆرێک لە چالاکانی بواری مۆسیقای ئەفغانیی دوای گەیشتنەوەی تاڵیبان بە دەسەڵات، هەندێکیان لە ترسی سەرکوت و هەندێکی دیکەشیان بەهۆی لەدەستدانی سەرچاوەی داهاتیان، لە وڵات هەڵاتوون.
سەرەڕای ئەمەش، حکوومەتی تاڵیبان داوای لەو ژمارە کەمەی مۆسیقاژەنان کردووە لە وڵات ماونەتەوە، تەنها “سرود”ی ئایینی بەبێ ئامێری مۆسیقا بڵێنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی ئەمەریکا: ئەگەر زێلێنسکی کۆتایی بەشەڕ نەهێنێت زۆر نامێنێتەوە

سەڵاح

جامی یۆرۆ.. ئیتاڵیا لە دوا خولەک کرواتیای ڕاگرت

یاسین

وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق: قۆناغێکی نوێ لە نێوان بەغدا و هەولێر دامەزراوە

سەڵاح