لە سووریا گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، گومان دەکرێت ئێسقانی سەدان هەزار قوربانیی ڕژێمەکانی پێشووی بەشار ئەسەدی لەسەرکارلادراو و حافزی باوکیی تێدابێت. دکتۆر ئیناس ئەلحەورانی، سەرۆکی ناوەندی تازە دامەزراوی سووریایی بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامە، گوتی: “ئەمانە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی تێکەڵدا دۆزراونەتەوە.” “گۆڕی بەکۆمەڵی تێکەڵ” واتە تەرمەکان خراونەتە سەر یەک و خۆڵیان بەسەردا کراوە.
کارمەندانی تاقیگەی دەستنیشانکردنی ناسنامە لە دیمەشق، لە ڕێگەی پشکنینی ئێسقانەوە هەوڵی دیاریکردنی بەژن، ڕەگەز، تەمەن، و پیشەی خاوەن تەرمەکان و هەروەها ئەگەری ئەشکەنجەدان دەدەن. بەڵام کاریگەرترین ڕێگە، پشکنینی DNA، ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە. وەک دکتۆر ئەلحەورانی دەڵێت، تەنها یەک نێوەندی پشکنینی DNA لە سووریا هەیە، زۆربەی لە تاقیگەکان لە شەڕی نێوخۆدا و بەهۆی گەمارۆکانیشەوە وێران بوون. زۆرێک لە ماددە کیمیاییە پێویستەکان بەردەست نین. هەروەها ئاماژەی بەمە کرد هەندێک ئامێری کارکردن بەهۆی ئەوەی دەکرێت بۆ مەبەستی سەربازیش بەکاربهێنرێن، وەک “کەرەستەی خاوەن بەکارهێنانی دوولایەنە” دادەنرێن و زۆربەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەناردەکردنیان بۆ سووریا قەدەغە کراوە.
تێچووی یەک پشکنینی DNA ٢٥٠ دۆلارە. دکتۆر ئەلحەورانی گوتی: “بۆ گۆڕێکی بەکۆمەڵی تێکەڵ، پێویستە نزیکەی ٢٠ پشکنین ئەنجام بدەین تا بتوانین هەموو ئەندامانی جەستەی کەسێک کۆبکەینەوە.” تاقیگەکە بەتەواوی پشت بە بودجەی پێدراوی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور دەبەستێت.
دکتۆر ئەلحەورانی پێی وایە بەم خێراییەی ئێستا، ناساندنەوەی تەنها یەک قوربانی لە گۆڕێکی بەکۆمەڵەوە ڕەنگە چەندین مانگی پێبچێت و گوتی: “ئەم کارە ساڵانێکی زۆر زۆر درێژە دەکێشێت.”
ئەمە لە کاتێکدایە تە نیا لە دەوروبەری گردێکی دەرەوەی دیمەشق یازدە “گۆڕی بەکۆمەڵی تێکەڵ” دۆزراونەتەوە.
هەواڵی داهاتوو

