بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی دادگا، دیوانی پارێزگای بەسرە سکاڵای یاسایی لەسەر عەبدولغەفار ئەلعەوزی، پیاوی ئایینی شیعە مەزهەب تۆمارکردووە، سکاڵاکە بەتۆمەتی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکان بووە بۆ داواکردنی خزمەتگوزاریی گشتیی.
بەگوێرەی نووسراوەکەی دادگا کە کۆپیەکی دەست کوردستان24 کەوتووە، تێیدا هاتووە، پێویستە لە ماوەی سێ ڕۆژدا لە دادگاکەمان ئامادەبیت بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆمەتی هاندانی هاووڵاتیان بۆ خۆپیشاندان لە دژی پارێزگاری بەسرە، بەپێی ماددەی 433 لە یاسایی سزادانی عێراقی.
لە نووسراوەکەی دادگادا هاتووە، ئەگەر لەماوەی دیاریکراودا ئامادە نەبیت، ئەوە فەرمانی دەستگیرکردنت بۆ دەرەدەکەین.
تۆمارکردنی سکاڵاکە لەسەر عەبدولغەفار ئەلعەوزی، پیاوی ئایینی، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە داوای لە هاووڵاتیان کردووە خۆپیشاندان دژی پارێزگاری بەسرە بکەن و داوای پێشکەشکردنی خزمەرتگوزاریی و دادپەرەوەری بۆ ناوچەکانی باکووری بەسرە بکەن.

