جەودەت یلماز، جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا، داوای جێبەجێکردنی خێرای بڕیاری چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات و هۆشداری دەدات، دواکەوتنی پرۆسەکە دەرفەت بە لایەنە دژەکان دەدات ئاستەنگ دروست بکەن.
یلماز لە لێدوانێکدا گوتی، تورکیا دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمدایە بۆ ڕزگاربوون لە “تیرۆر” و وڵات چووەتە نێو قۆناغێکی زۆر هەستیارەوە.
ناوبراو ڕایگەیاند، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت بە وردی چاودێریی پابەندبوونی کرداریی پەکەکە بە چەکدانانەوە دەکەن. گوتیشی: “هەرچەندە دانانی وادەیەکی دیاریکراو بۆ پرۆسەکە ئاسان نییە، بەڵام پێویستە بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگە لە دروستکردنی ئاستەنگ بگیرێت.”
ئەم لێدوانانەی یلماز لە کاتێکدایە، باس و خواسی دەستپێکردنەوەی “پرۆسەی ئاشتی” لە تورکیا و باکووری کوردستان گەرم بووە و چاوەڕوانییەک هەیە بۆ ئەوەی پەکەکە هەنگاوی کرداری بەرەو ئاشتی بنێت.

